زیندانیکراوانی کورد چیرۆکی زیندانەکانی ئێران دەگێڕنەوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆمەڵێک زانیاری و نهێنی لە زاری زیندانیکراوانی کوردەوە، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ورمێ بڵاوکردووەتەوە، کە نیشاندەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لەو زیندانانەدا.

یەکێک لە زیندانییە کوردەکان، کە ناوی پارێزراوە، سەبارەت بە زیندانی ورمێ بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە، “من کاتێک گواسترامەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، خستمیانە ژوورێکەوە کە تەنها دوومەتر درێژی و سێ مەتر بەرزی هەبوو، لەگەڵ ئەوەش لەو بستە جێگایەدا کامێرای چاودێرییان بۆدابووم، تەنانەت لەسەر تەوالێتەکەشم”.

زیندانییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، “لە زیندانەکانی سوپای پاسداراندا هەڵواسین، لێدان بە سۆندە، هەڵواسینی سەرەوخوار، هەڕەشەی نامووسی، بوونیان هەیە”.

هەر بە وتەی زیندانیکراوەکان، “لەناو زیندانەکاندا بەناچاری و لەژێر فشاردا دانپێدانانیان پێکراوە، لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە زیندانییەکان بەهۆی ئەو دانپێدانانەوە کوژراون، کە لە ڕاستیدا وا نەبووە”.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، “چەندین بەڵگە هەن کە زیدانیکراوانی کورد کاتێک دەستگیرکراون لەو زیندانانەدا گیانیان لەدەستداوە، بۆ نموونە “ناسر عیسازادە، خەڵکی سەڵماس، ئیبراهیم لوتف عەلی، چالاک و خوێندکاری کورد، سارو قارەمانی”.

محەمەد حسێن ڕەزایی، یەکێکە لە زیندانییە کوردەکان و لە ساڵی 2011 زیندانیکرابوو، دەڵێت، “کاتێک من دەستگیرکرام، تازە نەشتەرگەریم بۆ قاچم کردبوو، بەهۆی شێوەی ڕۆشتنمەوە کارمەندانی زیندان لە سنە، منیان بردە ژێرزەمینی زیندانەکە و لەوێ دوای بەستنەوەی هەرچوار پەلم، بە سۆندە لەژێر پێیان دەدام تا حاڵەتی بورانەوە”.

بابەتی پێشتر

كەربەلا.. كچێك لەكاتی چركاندنی سێڵفیدا مرد و بوو بە 331ـەمین قوربانیی سێڵفی

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم داوای هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەغداد دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share