وەزارەتی پێشمەرگە: چەندینجار هۆشداریمانداوە لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش

هێزێكی كۆماندۆی كوردستان لە كاتی كێوماڵكردنی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمدا

لەدوای شەهیدكردنی دوو پێشمەرگە لەلایەن چەكدارانی داعش، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، چەندینجار هۆشداریمانداوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان.

وەزارەتەكە ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاوكردەوە كە شەوی ڕابردوو كرایەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دەڵێت، لە ئەنجامی پەلامارێكی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی لیوای 10ی پیادە لە سنووری شارۆچكەی پردێ، لە ساتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی سەر بە لیوای 10ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهیدبوون.

دەشڵێت، “بەخەڵكی كوردستان ڕادەگەیەنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان”.

وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیشیدەكاتەوە، چەندینجار هۆشداریمانداوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان. ئەوەش دەخاتەڕوو، داعش بەم كارانەیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەیان پووچەڵدەكەنەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

شەوی ڕابردوو سەرچاوەیەک لەناو لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت “هێرشەکەی چەکدارانی داعش لە ناوچەی زرگە زراو لە سنووری میحوەری کەرکووک بووە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هێرشەکەش تێکشکێندراوە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی ئەو میحوەرە ڕایانگەیاندووە، “چەکدارانی داعش بە بیکەسی تەقەیان لە پێشمەرگە کردووە و نەیانتوانیووە بچنە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە”.

بابەتی پێشتر

بەهۆی لافاوەوە ئەمڕۆ لە هەولێر پشووە

بابەتی دواتر

کەشناسی: زۆرترین بڕی باران لە پیرمام باریوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share