ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ حكومەتی ویلایەتەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی قەدەغەی هاتووچۆی گشتی لە دووشەممەی داهاتوەوە، فەڕەنساش هەمان ڕێچكە لە سبەی هەینییەوە دەگرێتەبەر.
مێركڵ بۆ ڕۆژنامەنوسان وتیشی، “ئەم ڕێوشوێنانە توند دەبێت” دەسەڵاتدارانیش لەماوەی دوو هەفتەدا چاو بە سنوردارییەكاندا دەخشێننەوە ئەگەر پێویستی كرد.
ڕاوێژكارەكەی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو كە دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا “زۆر مەترسیدارە” و خێرایی بڵاوبوونەوەی بەرزە. دوپاتیشیكردەوە كە پێویستە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ دەربازبوون “لە باری لەناكاوی تەندروستی لەسەر ئاستی وڵات”.
كەرەنتینە گشتییەكە كە بۆ ماوەی مانگێك دەبێت داخستنی چێشتخانە و سنورداركردنی چالاكییە جۆراوجۆرەكان، داخستنی هۆڵەكانی جوانكاری، شێلان، تاتۆ، هۆڵەكانی فتنس و ئاسن و سینەما دەگرێتەوە.
بەڵام نوێژی بەكۆمەڵ بەمەرجی ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی ناگرێتەوە، جگە لەوەی یارییەكان بەبێ جەماوەر بەردەوام دەبن، قوتابخانە و دایەنگاكان بە كراوەیی دەمێننەوە، هەروەها كۆگا بازرگانیەكانی تاك و بەكۆمەڵ فرۆش بە مەرج كراوە دەبن.
لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ ویلایەتەكان ڕێككەوتن لەسەر پێشكەشكردنی هاوكاری بەو كۆمپانیایانە بەهۆی ڕێوشوێنەكانەوە زەرەرمەند دەبن، بۆ ئەمەش بڕی (11.82 ملیار دۆلار) لەپێناو قەرەبووكردنەوەیان تەرخانكراوە.
بەپێی ڕۆیتەرز كۆمپانیا بچوك و مامناوەندەكان 75%ی بەهای فرۆشراوە لەدەستچووەكانیان لە تشرینی دووەم پێدەدرێت، كۆمپانیا گەورەكانیش 70%ی داهاتی لەدەستچووی مانگی داهاتوو وەردەگرن.
ئێوارەی دوێنێش ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا دەستپێكردنەوەی كەرەنتینی لەسەر ئاستی وڵات لە ڕۆژی هەینییەوە تا لانیكەم 1ی كانونی یەكەمی داهاتوو ڕاگەیاند.
بەپێچەوانەی كەرەنتینی یەكەمجاریشەوە ماكرۆن وتی، قوتابخانەكان بە كراوەیی دەمێننەوە، بەڵام چێشتخانە و كۆگا ناسەرەكییەكان دەرگاكانیان دادەخەن.
سەرۆكی فەڕەنسا هۆشداری ئەوەشیدا كە وڵاتەكەی لانیكەم “400 هەزار مردنی دیكە” لەماوەی چەند مانگێكدا تۆماردەكات، ئەگەر هەنگاو بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە نەنێن.