شەرابێكی دەگمەنی 400 هەزار دۆلاری دزرا

“شارەزابوون، بەتەواوی زانیویانە چی دەكەن”

لەلایەن دوو كەسەوە 45 بوتڵ شەراب دزران، كە یەكێكیان زۆر دەگمەنە و تەمەنی 215 ساڵە، بەهاكەی 350 هەزار یۆرۆ (407 هەزار دۆلارە).

ڕووداوەكە چوارشەممەی ڕابردوو بووە، بەپێی وتەی خوسێ پۆلۆ، یەكێك لە خاوەنەكانی كۆمەڵگای ئەتریۆ (Atrio)، كە هۆتێلێكی قەشەنگ و چێشتخانەیەكی نایاب لەخۆدەگرێت و دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئیسپانیا.

دەربارەی دزەكان پۆلۆ دەڵێت، “شارەزابوون، بەتەواوی زانیویانە چی دەكەن”.

گومانلێكراوان ژن و پیاوێكن كە بە ئینگلیزی قسەیان كردووە، وایان لە كارمەندان گەیاندووە كە دوو هاوسەری “راقي”ن، خۆیان بۆ مانەوە لە هۆتێل و خواردنی چێشتی ئێوارە لە چێشتخانەكە تۆماركردووە، دواتر داوایان لە فەرمانبەری پرسگە كردووە خواردنی دیكەیان بۆ بهێنرێت، كاتێك كارمەندەكە چووە بۆ چێشتخانە و شاشەی كامێراكانی بێ چاودێری جێهێشتووە، پیاوەكە چووەتە ژێرزەمینی تایبەت بە خواردنەوەكان، وەك ئەوەی پۆلۆ دەڵێت.

ژن و پیاوەكە كاتژمێر 01:00ی ڕۆژی چوارشەممە چوونەتە دەرەوە، بە كارتی بانكی پارەیان داوە و بە چەند كیسەیەكی پڕ لە بوتڵەوە كۆمەڵگاكەیان جێهێشتووە.

پۆلۆ دەڵێت، “كەس سەرنجی نەچووەتە سەر كیسەكانیان”، كە بوتڵێك شەرابی تێدابووە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1806، كە بریتییە لە (شاتۆ دیكم- Chateau d’Yquem)، لەگەڵ شەش بوتڵی دیكەی سەدەی نۆزدە لە دروستكەری شەرابی (ڕۆمانی كۆنتی) لە ناوچەی بۆرگۆندی فەرەنسی.

ئەوەشی وت، بەهای كۆی بوتڵە دزراوەكانی ئەژمارنەكردووە، بەڵام بەهای سیمبولیی زۆر زیاترە.

پۆلۆ پێیوایە ژن و پیاوەكە لای (كۆكەرەوەیەكی تایبەتی شەراب) كاردەكەن، بەهۆی ئەوەی ئەو بوتڵانەیان بردووە كە ناكرێت بگۆڕدرێن، ناشكرێت لە بازاڕدا بیفرۆشنەوە.

ڕوونیشیكردەوە، “بوتڵەكان ژمارەیان لەسەرە، بوتڵی 1806ی شاتۆ دیكم زۆر دەگمەنە، هەمووانیش دەزانن موڵكایەتییەكەی بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە”.

وتەبێژ بەناوی پۆلیسی كاسیریس وتی، لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە دەستیپێكردووە، بەبێ باسكردنی وردەكاریی زیاتر.

بابەتی پێشتر

دووشەممە دابەشكردنی نەوتی سپی لەناوشاری سلێمانی دەستپێدەكات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئارسیناڵ یاریی لوتکەی لە لیستەر بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share