داگیركارییەكانی توركیا لە سوریا دیمۆگرافیای مەسیحییەكانیشی گۆڕیوە

مەسیحییەکانی سوریا خۆیان بە گەورەترین قوربانیی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی ئەو ناوچانە دەزانن کە تورکیا کردوویەتیە ئامانج بە بیانووی ئەوەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروستدەکەن.

پێگەی The Tablet ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، هێرش و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکانی سنووری سوریا، وایکردووە ئەو مەسیحییانەی پێشتر ماونەتەوە، ئێستا ئەو ناوچانە چۆڵبکەن، ئەوانەشی پێشتر ئاوارە بوون، نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.

ڕابەرانی مەسیحییەکانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، تورکیا بەمەبەست مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە دەکاتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، “ئامانجی یەکەمی تورکیا ڕۆیشتن و کۆچپێکردنی مەسیحییەکان و پێكهاتەكانی دیکەی ناوچەکەن”، لەگەڵ ئەوەشدا گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنن تاوەکو ڕێگریبکەن لە گەڕانەوەی مەسیحییەکان و دانیشتووانی دیکەی باکووری سوریا.

ڕاپۆرتەکە لەزاری سەنحاریب بۆرسۆم، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییەوە دەڵێت، “ئەو گروپە چەکدارانەی سەربە تورکیا دەستیانگرتووە بەسەر زەوی و موڵکی دانیشتووانی ناوچەکەدا، کە بەر لە دوو ساڵ بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن تورکیاوە بەجێیانهێشت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەنگاوەکانی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەدانیشتووانەکەی بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو ئەنجامدەدرێت، تاکاتێکیش ئەو چەکدارانە لەوێبن هیچ پاڵنەرێک نییە وابکات خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان”.

دەڵێت، “ئێمە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە تێدەگەین، پێشتر لە عەفرین ئەوەی ئەنجامداوە و ئێستاش لە گرێ سپی و سەرێکانی هەمان هەنگاو جێبەجێدەکات”.

لەوبارەیەوە نادین مانزا، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئاینییەکان باس لەوە دەکات، “تائێستاش تورکیا مەترسییەکی گەورەیە لەناوچەکە، نەک تەنها بۆ کەمایەتییەکان بەڵکو بۆ خودی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

بەپێی راپۆرتەکە بەر لە ساڵی 2011 ژمارەی مەسیحییەکانی ئەو ناوچەیە زیاتر بووە لە 130 هەزار مەسیحی لەکاتێکدا ئێستا ژمارەیان بۆ چەند سەد کەسێک، یان کەمتر لە هەزار کەس کەمبووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە سەرێکانی 100 خێزان و لە گرێ سپی 120 خێزانی مەسیحی بەر لە 2019 هەبوون، ئێستا ئەو خێزانانە هیچ یەکێکیان لە شوێنەکانیان نەماون، هەروەها زیاتر لە 35 گوند هیچ کریستیانێکیان تێدا نەماوە.

ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا دوو ساڵی دیکەی بۆ حکومەتی وڵاتەکەی نوێکردەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی سەربازی لە سنوورەکانی لەگەڵ سوریا دژی ڕێکخراوی داعش و سەرجەم ئەو گروپەکانی دیکە، “کە تورکیا مەبەستی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە”.

لەساڵی 2016وە هێزەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە عەفرین و ئیدلب دەستیان بە هێرش و داگیركاری کردووە، تائێستا تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی سێ هێرشی بەرفراوانیان لەو ناوچانە ئەنجامداوە، کە ناوچە کوردییەکانی ئەو سنوورەن، هێرشەکان لە ساڵی (2016-2017، 2018 و 2019)دا ئەنجامدراون، بەمەبەستی دەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە لەناوچەکە، کە بە بڕبڕەی پشت و پێكهێنەری هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە دادەنرێن.

بابەتی پێشتر

داتاکانی نەوت: عێراق ڕۆژانە نیوەی گازی بەرهەمهێنراوی دەسوتێت

بابەتی دواتر

تەرمی كۆچبەرێكی عێراقی لە سنووری ئەڵمانیا و پۆڵەندا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆژنامەكان گرنگی بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەدەن
عێراق پێویستی بەپێداچوونەوە بەشێوازی دیموكراسیدا هەیە؟

هەڵبژاردنەكەی یەكشەممەی ڕابردووی عێراق كە تائێستا ئەنجامە بەراییەكانی دەركەوتووە و تیایدا پاشەكشەی لایەنەكانی نزیك لە ئێران نیشاندەدات، تائێستا…
Total
0
Share