لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا یەک بۆ سێ پیاو بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دەکوژرێن

ڕۆژی 2 ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک لە جیهاندا بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ناسراوە، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانیش دەڵێت لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی کورستان یەک بۆ سێ پیاو بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دەکوژرێن.

بورهان عەلی سکرتێری یەکێتی پیاوانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، 233 سکاڵای توندوتیژیی دژی پیاوان تۆمارکراوە، سێ حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” هەرچەندە ئامارەکە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام چ توندوتیژیی دژی ژنان چ دژی پیاوان دابەزینێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یەک بۆ سێ پیاو دەکوژرێن، کە ئەمەیان دۆسیەکانیان لای ئێمە تۆمارناکرێن و پەیوەندیان بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە.
لای خۆیەوە نەقیب ڕاز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە کە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئێمە هیچ ڕێوڕەسم و چالاکییەکمان بەو بۆنەیەوە نییە”.

پێشتریش ئاشکرایکرد، “لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پێنج حاڵەتی کوشتن، 13 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان و 30 حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە”.

باسیلەوەشکرد، “بەهۆی ئەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک بەرزبووەتەوە، حاڵەتەکانی تۆمارکردنی سکاڵا بەرزبوونەتەوە، بەڵام بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەکانی توندوتیژی کەمیانکردووە.

 

بابەتی پێشتر

پارێزگاری کەرکوک ڕەزامەندی دا لەسەر دەستبەکاربوونی 398 کارمەندی دامەزراو کە پێشتر ڕایگرتبوو

بابەتی دواتر

پێنج کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی موڵکی گشتی دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share