سعودیە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە لوبنان دەكشێنێتەوە و داوا لە باڵیۆزی لایەنی بەرامبەر دەكات لە 48 كاتژمێردا هەمان هەنگاو بنێت، ئەمەش دوای ئەوەی جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان ڕەخنەی لە هێرشەكانی سعودیە گرت بۆسەر حوسییەكانی یەمەن.
جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی حكومەتی لوبنانە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، كە دووشەمەی ڕابردوو پەخشكرا، ڕەخنەی لە هێرشەكانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەركردایەتیی سعودیە گرت بۆسەر حوسییەكانی یەمەن و بە ناڕەوا وەسفیكرد، بەتایبەت كە “ماڵ، گوند، پرسە و زەماوەند” بۆردوومان دەکات.
قەرداحی نەیشاردەوە كە حوسییەكان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن، بەڵام شەری حوسییەكانی وا ناوبرد كە “دژی دووژمنکارانی دەرەکی بەرگری لە خۆیان دەکەن”.
لە كاردانەوەی ئەو وتانەدا، سعودیە باڵیۆزی خۆی لە لوبنان كشاندەوە، 48 كاتژمێریشی دایە لوبنان بۆ كشاندنەوەی باڵیۆزەكەی لە ریاز.
سعودیە بڕیاریشیداوە هەموو هاوردەیەک لە لوبنانەوە ڕابگرێت، وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش قسەكانی قەرداحی-ی بە سوکایەتیپێكردن وەسفكردووە، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانیشن بە تێكچوونی پەیوەندییەكانیان، بەڵام ئاشكرایكردووە، ڕێكاری زیاتر بەرامبەر بەیروت دەگرنە بەر.
چوارشەممەی ڕابردوو جۆرج قەرداحی لەبارەی قسەكانیەوە ڕایگەیاندبوو، “بۆچوونی كەسین”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی قسەكانی وەك وەزیرێكی لوبنانی نەكردووە.