وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوكردەوە، زیاترە لە شەش ملیار و 777 ملیۆن دۆلار.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆی تایبەت بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق، لە ماوەی مانگی ئەیلولدا 92 ملیۆن و 44 هەزار و 485 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، داهاتەكەی شەش ملیار و 777 ملیۆن و 134 هەزار دۆلاربووە.
وەزارەتی نەوت ڕوونیشیكردووەتەوە، كۆی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولدا لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 89 ملیۆن و 224 هەزار و 354 بەرمیل نەوت بووە، هەروەها لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیش كە لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكراوە، ملیۆنێك و 922 هەزار و 857 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی ئوردنەوە 275 هەزار و 274 بەرمیل نەوت بووە.
نەوتی فیدراڵی ئاشكراشیكردووە، نرخی نەوتی فرۆشراوی مانگی ڕابردوو بەگشتی بە 73.32 دۆلار فرۆشراوە.