كورد لەكوێی ڕێككەوتنەكانی نێوان عێراق و ئەمریكادایە؟

كاتێك شاندەكەی عێراق لە ئەمریكا گەڕانەوە، عێراقییەكان چاویان لەسەر دەرئەنجامی ئەو سەردانەبو، لەنێو عێراقیش كورد بەشی خۆی چاوەڕوانی دەرئەنجامێك بو، چونكە شاندی هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی كۆبوونەوەكان بوون.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 19ی ئاب، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامدا کە لە گرنگترینیان کۆبوونەوەی کازمی بوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، شاندی یاوەری کازمی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کوردی تێدا بەشداربوو کە ئەمەش لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.

“بوونی نوێنەری هەرێم پەیامێكی تێدابوە”
فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، باسی لە گرنگی بوونی شاندی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، بوونی ئەندامی کورد لە شاندەکەی کازمیدا بەرلەوەی پەیامێکی تێدابێت بۆ هەرێم، مەبەستی کازمییە کە پیشانی ئەمریکای بدات کە کێشە ناوخۆییەکانی عێراق لەگەڵ کورددا کۆتاییانهاتووە و هەنگاوەکانی ناوەند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن.

فارس عیسا ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەکی دیکەوە کورد تاکە هەرێمی فیدراڵییە لە عێراقدا بۆیە بەشدارییکردنی لەو جۆرە سەردانانەدا گرنگە، “دانپێدانانێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشە لەسەر ئاستی وڵاتێکی گەورەی وەکو ئەمریکا”.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغداد خستنەڕووی ئەجێندا و ڕوئیای کوردی لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستانەوە بە گرنگ ناوبرد بۆ فراوانبوونی پێگەی کورد لە گفتوگۆکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دیکە، کە دەتوانێت خواستی کوردی تێدا جێگە بکرێتەوە.

شاندەکەی مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا جگە لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە کوردە، هەریەکە لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، عەمید هەژار عومەر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یاوەرییان دەکرد.

ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری پێشوی هەرێم، گرنگی شاندی هەرێمی کوردستانی لەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ ئەوە گێڕایەوە کە، “عێراق دەیەوێت بەوجۆرە پەیامی ئەوە بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت کە بەشێکی گرنگی عێراقن و پێگەی بەهێزییان هەیە لە عێراقدا، جگە لەوەش کازمی ناتوانێت ئەوە لەبەرچاو نەگرێت کە پێگەی کورد لەسەر ئاستی جیهانیش بەهێزە و نابێت پشتگوێی بخات”.

بەدەر لەو هۆکارانەش پاڵنەرێکی دیکەی بوونی ئەو شاندەی کورد پرۆتۆکۆڵی سەردانە فەرمییەکانی کازمییە کە دیراسەی دەکرێت و دواتر شاندی یاوەری دیاریدەکرێت، لەمەشدا جارێکی دیکە بەهێزی پێگەی کورد لەبەرچاوگیراوە، وەك ئەو ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی پارتی ئاماژەی پێكرد.

كورد لەكوێی گرێبەستەكانی نێوان ئەمریكا و عێراقدایە؟
دوای گەڕانەوەی مستەفا کازمی لە ئەمریکا، واژووکردنی چەند گرێبەستێکیان ڕاگەیاند، کە گرنگترینیان گرێبەستی نێوان حکومەتی عێراق و پێنج گەورە کۆمپانیای ئەمریکییە لە بواری نەوت و کارەبادا، گرێبەستەکە بە بڕی 8 ملیار دۆلارە، کۆمپانیاکانیش هەریەکە لە (چیڤرۆن، ئەنی ویل ئینتەرناشناڵ، بەیکر هیوز، جێنێراڵ ئێلێکتریک و ستێڵر ئینێرجی)ن.

لەوبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی، “کورد پێشتریش چەندین جار چوونەتە ئەمریکا، بەڵام دواجار کلیلی چارەسەرەکان لە عێراقە بۆیە ئومێد هەیە ئەم جۆرە هەنگاوانە زیاتر نزیکمان بکاتە لە گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی لە کێشەکانمان لەگەڵ عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانان دەتوانن ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لەو چارەسەرانەدا”.

شەوی ڕابردوو 24ی ئاب، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باسی له‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا كرد، وتی، “شانده‌كه‌ له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی ئه‌منی، وزه‌ و په‌یوه‌ندی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و هاوكارییە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، باسی ئه‌وه‌ كراوه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بێت، دڵنیاشم كاریگه‌ری باشی ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر عێراق بتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی بیانی بكات، كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی زیاتر بێنه‌ عێراق و بژێوی ژیانی خه‌ڵك باش بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر خودی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت”.

ڕۆژی سێشەممە 18ی ئاب سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرەو واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێکەوت و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 1:30 خولەک لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە واشنتۆن دابەزی، دوای درێژکردنەوەی ماوەی سەردانەکەی بە ڕۆژێک ئێوارەی ڕۆژی شەممە گەیشتەوە بەغداد و ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنەوەی سەردانی پارێزگای بەسڕەی کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تیرۆرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانان و خۆپیشنادەرانی بەسرە.

بابەتی پێشتر

دوو گەنجی کورد خەڵاتی باشترین نوسەریان لە وڵاتی سوید پێبەخشرا

بابەتی دواتر

سەرکێشەکەی (UFC) ڕوبەڕوی ئەفسانەیەکی دیکەی بۆکسێن دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share