فاینانشەڵ تایمز: سەدر پۆپۆلیستە و عێراقییەكان بێهیوابوون لە دیموكراسی

ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز لە ڕاپۆرتێكدا ئەمڕۆ شەممە باسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی عێراقی كردووە و هۆكاری دابەزینی ڕێژەی دەنگدانی گەڕاندووەتەوە بۆ “بێهیوابوونی عێراقییەكان لە دیموكراسی”. موقتەدا سەدر بە “پۆپۆلیست” ناوزەددەكات و بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا لێپرسینەوە بكات لەو گەندەڵییەی لە عێراقدا هەیە.

لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، بەدەمەوەنەچوونی هەڵبژاردن لەلایەن عێراقییەكانەوە و ئەو بەشدارییە كەمەی لە دەنگداندا هەبوو، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ “بێهیوابوونی عێراقییەكان لە دیموكراسی و شایستەیی دەستكەوتی دیموكراسی”.

باس لەوەشدەكات كە عێراقییەكان بڕوایان بەوە نییە لەدوای ساڵی 2033وە گۆڕانكاری بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتبێت كە ڕۆژنامەكە پرۆسەكەی بە “لێوانلێو لە خزمخزمێنە و گەندەڵی” ناوزەدكردووە، بەجۆرێك كە لایەنەكان “سامانی وڵاتێكی دەوڵەمەند بە نەوتیان بەهەدەرداوە و نەیانتوانیوە دەرفەتی كار و خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەستەبەربكەن”.

شیكاریی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە پێیوایە سەركەوتنی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردن لەبەرامبەر گروپەكانی تری شیعەدا، چانسی مستەفا كازمی بۆ بوونەوە بە سەرۆك وەزیران زیاتردەكات و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەگژداچوونەوەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران.

فاینانشەڵ تایمز، موقتەدا سەدر بە پۆپۆلیست پێناسەدەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “سەدر خۆی وەك چاكسازیخواز وێنادەكات، بەڵام پۆپۆلیستە و پێناچێت بتوانێت ئەو چاكسازییە ئابوری و كۆمەڵایەتییە بكات كە عێراق پێویستیەتی، ئەویش (سەدر) بەشێكە لەو دامەزراوەیەی هەمیشە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی پێشدەخات”.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “لە ناوچەیەكدا كە دەسەڵاتدارە سەركوتكارەكان فەرمانڕەوایی دەكەن، لایەنی كەم عێراقییەكان بژاردەی دەنگدانیان هەیە و ئەوەش ئەو مافەیە كە زۆرێك لە دراوسێكانیان لێیبێبەشن. بەڵام عێراق وانەیەك پێشكەشدەكات ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كە تەنها هەڵبژاردن بەسنییە بۆ هێنانەئارای دیموكراسییەك كە بەهەموو تواناكانییەوە كاربكات”.

ڕۆژنامەكە بەپێویستی دەزانێت خۆرئاوا و بەتایبەت ئەمریكا، “پشتیوانیی هەوڵەكانی چارەسەركردنی هۆكارەكانی تەنگژەی عێراق بكەن و لێپرسینەوە بكەن لە گەندەڵی و پێشێلكاریی دەرهەق بە مافەكان، بەوەش تەنها ئەوكات دەكرێت عێراقییەكان بڕوایان بەو دیموكراسییە هەبێت كە بەر لە 18 ساڵ بەڵێنیان پێدرابوو”.

بابەتی پێشتر

 ناوەندە ئەمریكییەكان بە ئەنجامەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینی فایزەر بۆ منداڵان ڕازین

بابەتی دواتر

ڕێكخراوێك پێشێلكارییەكانی بەر لە ڕۆژانی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share