ڕێكخراوێك پێشێلكارییەكانی بەر لە ڕۆژانی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

لانیكەم 77 پێشێلێكاری لەمیانەی هەڵبژاردندا كراون

ناوەندی كەنداو بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو پێشێلكارییانە ئاشكرادەكات كە لە عێراق لە ڕۆژانی بەر لە هەڵبژاردن و ڕۆژی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم لە شارە جیاجیاكان ئەنجامدراون.

ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا ئەو پێشێلكارییانەی تۆماركردووە كە دژ بە چالاكوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و میدیاكان كراون، جگە لەو ئەشكەنجانەی ڕووبەڕووی هاوڵاتییان بوونەتەوە و دەڵێت، بەشێوەیەكی گشتی لانیكەم 77 پێشێلێكاری لەمیانەی هەڵبژاردندا لە شارەكانی (بەغداد، هەولێر، كەركوك، موسڵ، دیالە، ئەنبار، واست، دیوانییە و بەسڕە) كراون.

هەروەك بەشێك لەو پێشێلكارییانە ئاشكرادەكات و ڕوونیدەكاتەوە، لە دیالە فشار لە دەنگدەران كراوە بۆ هەڵبژاردنی كاندیدێكی دیاریكراو. لە 3ی تشرینی یەكەم چەكداران هەڵیانكوتاوەتەسەر ماڵی هاوڵاتییەك كە ڕەتیكردووەتەوە بانگەشەیەكی هەڵبژاردن بە ماڵەكەیدا هەڵبواسرێت و پاش ڕۆژێك تەقەی لێكراوە، بۆ ڕۆژی دواتریش ڕووداوێكی هاوشێوە تۆماركراوە.

ناوەندی كەنداو بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، لە 8ی تشرینی یەكەمدا چەكداران لە ناوچەی كەڕادەی بەغداد دەستڕێژیان لە سەدیر خەفاجی-ی كاندید كردووە، بەڵام خەفاجی بەبێ برینی كاریگەر دەربازی بووە. لە 30ی ئەیلولیشدا دادوەر حارس جەبار لە هەوڵێكی تیرۆركردن لە پارێزگای میسان ڕزگاری بووە.

لە زیقار-یش ئەزهەر حاتم-ی چالاكوانی مەدەنی لە هەوڵێكی تەقەكردن ڕزگاری بووە. لە 9ی ئەیلول تەرمی حەیدەر محەمەد زاملی خۆپیشاندەر و تەمەن 16 ساڵ لە ڕووبارێكی شاری دیوانییە دۆزراوەتەوە، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكەدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە 26ی ئەیلول عەلی بەدیر نووسەر و شیكەرەوەی سیاسی، ناوەندەكەیانی ئاگاداركردووەتەوە كە لەلایەن سیاسییەكانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەندكردن بووەتەوە بەهۆی بیروبۆچوونە ڕەخنەگرەكانییەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

ناوەندەكە داواشی لە حكومەتی عێراق كردووە بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی بگرێتەدەست بۆ پارێزگاری لە سەرجەم خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووس و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و ئەندامانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.

ناوەندی كەنداو بۆ مافەكانی مرۆڤ (GCHR) ڕێكخراوێكی ناحكومیی قازانج نەویستە، كار لەسەر فەراهەمكردنی پشتیوانی و پارێزگاری لە بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەی كەنداو دەكات لەڕێی پەرەپێدانی ئازادیی ڕادەربڕین و دروستكردنی ڕێكخراو و كۆبوونەوەی ئاشتییانە.

بابەتی پێشتر

فاینانشەڵ تایمز: سەدر پۆپۆلیستە و عێراقییەكان بێهیوابوون لە دیموكراسی

بابەتی دواتر

 مامۆستایانی وانەبێژ: هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراومان ناوێت تەنها دامەزراندنمان دەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

‏”هەرێم لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵاممان دەداتەوە”‏
وەزیری نەوتی عێراق: داواكارییەكانمان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە نەگۆڕن ‏

وەزیری نەوتی عێراق سووربوونی حكومەتی فیدراڵی لەسەر داواكارییەكانیان لەبارەی ‏دروستكردنی كۆمپانیایەكی نەوت و پێشنیازەكانی دیكە لەبارەی نەوتی هەرێمەوە…
Total
0
Share