دوایین زانیاریی لەبارەی ڕێككەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق

تۆڕی میدیایی ئێستا لە بەدواداچوونێكدا زانیاری لەبارەی هەوڵەكان بۆ ڕێككەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق دەخاتەڕوو، بە گوێرەی زانیارییەكان، ڕێككەوتنەكە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، وتەبێژی كازمی و فەرماندەیەكی حەشدی شەعبییش پێشمەرگە بە “برا” ناوزەند دەكەن و ئامادەیی خۆیان بۆ كاری پێكەوەیی دەردەبڕن.

ماوەیەكە هێزەكانی عێراق ئۆپراسیۆنەكانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش لە چەند پارێزگایەك بەرپاكردووە، لەوانە كەركوك، دیالە، ئەنبار و سەڵاحەدین، هەوڵەكانیش بۆ ڕێككەوتنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق لەبارەی كاروباری ئەمنی و سەربازی و كاری پێكەوەییەوە بەردەوامن.

“هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەوڵی ڕێككەوتندان”
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكرایكرد، هەوڵی جدیی هەن بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بگەن بە ڕێككەوتن، ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوانەشی ئاشكراكرد كە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراون.

جەبار یاوەر زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكەوە ئاشكراكرد و وتی، “پرۆژەیەك لە ئارادایە بۆ گەیشتن بەو ڕێككەوتنە، كە سێ تەوەر لەخۆدەگرێت، ئەوانیش ناوەندی هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، ئۆپراسیۆنی هاوبەش و هێڵی بەرگریی هاوبەشن بەدرێژایی سنوورەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە مەوداكەی زیاتر لە هەزار كیلۆمەترە”.

سەبارەت بە دوایین وتووێژەكانی تایبەت بە گەیشتن بەو ڕێككەوتنە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پرۆژەكە لە ساڵی ڕابردووەوە كاری بۆ دەكرێت و لە سەردەمی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدلمەهدی، دوو كۆبوونەوە لەنێوان فەرماندە و كاربەدەستانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدا كراون.

ئاشكراشیكرد كە لە سەردەمی حكومەتەكەی (مستەفا كازمی)شدا، دوو كۆبوونەوە لە هەولێر و بەغداد سازدراون و بەرەوپێشچوونی زیاتر هاتووەتە ئاراوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، بە وتەی جەبار یاوەر، هەردوولا گەیشتوونەتە بۆچوونی هاوبەش و ئامادەییان بۆ ڕێككەوتن دەربڕیون.

“هاوپەیمانان پشتیوانیی ڕێككەوتنەكە دەكەن”
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە كرد، كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زۆر پشتگیریی ڕێككەوتنەكە دەكەن و ئامادەییان دەربڕیوە لە ڕووەكانی پێدانی زانیاریی هەواڵگیری و ڕاوێژكاری و هاوكاریی ئاسمانییەوە، ئاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدا بكەن.

وتەبێژی كازمی: داعش برایانی پێشمەرگە و ئازیزانمان لە كوردستان دەكاتە ئامانج
بۆ زانینی بۆچوون و ویستی حكومەتی عێراق لەبارەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تۆڕی میدیایی ئێستا پەیوەند بە لیوا یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە كرد، لە وەڵامدا ناوبراو ڕایگەیاند، وتووێژەكان بەردەوامن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و بۆ ئەو مەبەستەش، دوو كۆبوونەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بەغداد ئەنجامداوە.

لیوا یەحیا ڕەسول ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵەكان بۆ ئەوەن ڕێككەوتن لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی حكومەتی فیدراڵیدا بكرێت و ناوەندی ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری پێكبهێنن، لەگەڵ بەرپاكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەش بۆ كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش.

وتەبێژەكەی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە ئێستا ئەركی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریشی لە ئەستۆدایە، جەختیكردەوە كە پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق و وتی، “دوژمنی هاوبەشمان هەیە و داعش جیاوازیی ناكات لەنێوان برایانی پێشمەرگەمان و ئازیزانمان لە هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكانی دیكەی عێراق، بۆیە پێكەوە كاردەكەین بۆ لەناوبردنی ئەو دوژمنە”.

سەبارەت بە دوایین هەڵمەتە سەربازییەكان لەدژی چەكدارانی داعش، لیوا یەحیا ڕەسول باسی لەوە كرد، كە ئۆپراسیۆنەكانیان لە باشووری كەركوك و خۆرئاوای موسڵ و سنوورەكانی نێوان عێراق و سوریا بەردەوامن و ئەنجامی باشیان هەبووە.

فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی: پێشمەرگە برامانن و ئامادەین هاوكاریان بین

غەریب تازەلی، فەرماندەی لیوای شازدەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا بێئاگایی خۆی لەو هەوڵانەی ڕێككەوتن ڕاگەیاند، بەڵام ئامادەیی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ كاركردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و وتی، “هێزەكانی پێشمەرگە برا و كەسوكاری ئێمەن” و هەركات ڕێككەوتن لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و حكومەتی فیدراڵیدا بكرێت، ئەوان ئامادەن هاوئاهەنگی و كاری هاوبەشیان لەگەڵدا بكەن لەپێناو بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی خۆیاندا.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی باسی لەوەشكرد، كە ئۆپراسیۆنەكانیان بۆ ڕاوەدونانی پاشماوەكانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركوك بەردەوامن و لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراقدا سنوورەكە كێوماڵ دەكەن.

بابەتی پێشتر

تیم نازناوی ئەمریکای کراوەی ئەمریکای بەدەستهێنا و ناوی چووە مێژووەوە

بابەتی دواتر

تەندروستی چۆنە؟ بەڕێوبەری پێشووی فێراری سەردانی شوماخەری کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share