“كێشەی كامێرا”ی نێو پەرلەمانی كوردستان چییە؟

دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم

لە ژمارەیەك دانیشتنی ساڵی 2020ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە كێشەكانی نێو هۆڵەكە پەخشی دانیشتن و كامێرا خستنە سەر پەرلەمانتاران بوو، هەندێك لە پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لە ئەدای ڕاگەیاندنی پەرلەمان هەیە، بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، “پیشەییانە كارمان كردووە نەك سیاسییانە”.

ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات، هەرچەندە بڕینی پەخشی ڕاستەوخۆی دانیشتنەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەماندایە، بەڵام ئەوان هەندێك جار لەپێناو پاراستنی “ئاشتیی كۆمەڵایەتی” پەخشەكە ڕادەگرن.

كامێراكانی پەرلەمان و شەڕی پەرلەمانتاران

لە دانیشتنی 25ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020، لەكاتی ڕیگادان بە مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوی وتەكانی بخاتەڕوو، گازندەی ئەوەی كرد كە كامێرای پەرلەمان ناخرێتە سەری.

ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەكرد، “كێشەی پەرلەمانتاران بووەتە ئەوەی كامێرایان لەسەر نییە، ڕاگەیاندنی پەرلەمان تكایە با ئەم كێشەیە چارەسەر بێت”.

بەڵام لەوكاتەی مژدە مەحمود كامێرای پەرلەمان چووە سەری بۆ ئەوەی قسەكانی بكات، عومەر گوڵپی، پەرلەمانتار وەك ئەوەی ناوی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە هێنرا، لەسەر كاغەزێك دروشمی “خەڵك برسییە كوا حكومەت؟”ی بەرزكردەوە، بەوهۆیەوە كامێرا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە لابرا و جارێكی دیكە پرسی كامێرا بووەوە كێشە.

بەشێكی زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن لەو دانیشتنەدا لەكاتی ڕێگادان بەوەی قسە بكەن دەستیان بە قسەكردن نەدەكرد تا كامێرایان دەچووە سەر.

كێشەی كامێراكانی پەرلەمان چییە؟

سەبارەت بەو پرسە، لە بەدواداچوونێكدا تۆڕی میدیایی ئێستا پەیوەندی بە سامان ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كرد، ناوبراو وتی، “كێشەی درەنگ كامێرا چوونە سەر پەرلەمانتاران پەیوەندی بە چەند شتێكەوە هەیە، لەڕووی هونەرییەوە گواستنەوەی كامێرا لە پەرلەمانتارێكەوە بۆ دانەیەكی دیكە كاتی دەوێت، چونكە ئێمە لە ستۆدیۆیەكی گەورەدا نین و تۆزێك كارەكە لەڕووی هونەرییەوە كاتی دەوێت”.

سامان ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، “بابەتەكە لایەنێكی هونەرییە و سیاسی نییە، ئێمە پەیڕەوێكمان لە بەردەستدایە و سەرۆكی پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنەكان دەدات و ڕێگا دەدات پەرلەمانتارێك قسە بكات، كە ئەو ڕێگای دا ئێمەش ڕاستەوخۆ كامێرا دەخەینە سەری”.

ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی لە بەردەستی ستافی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستانن كاتی گۆڕینیان هاتووە

“ناكرێت سەرۆكی پەرلەمان ڕێگە بە ئەندامێكی پەرلەمان نەدات و ئێمە كامێرا بخەینە سەری و بە هەوەسی خۆی قسە بكات”، وەك بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران لەسەر شاشە و تەلەفزیۆنەكان گلەیی لە ڕاگەیاندنی پەرلەمان دەكەن، بەڵام لە پشتەوە دێن دەستخۆشی لە ئێمە دەكەن”.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان نەشیشاردەوە، “ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی لە بەردەستی ستافی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستانن كاتی گۆڕینیان هاتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە بودجە لە بەردەستی پەرلەمان نییە بۆ ئەوەی بیانگۆڕین”.

ڕاشیگەیاند، بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 25 فەرمانبەری هەیە، ئەوەشی خستەڕوو، “وەك ڕاگەیاندنی پەرلەمان پیشەییانە كار دەكەین و هەرگیز بەشێوەیەكی حزبییانە كارمان نەكردووە، هەرگیزیش دەستەی سەرۆكایەتی ئێمەی بانگ نەكردووە بۆ ئەوەی ئاڕاستەمان بكات و سانسۆڕمان بۆ دابنێت”.

پەرلەمانی كوردستان

بڕینی پەخشی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە دەستەڵاتی كێدایە؟

هەرچەندە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پەخشكردن و بڕینی پەخش لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمانە بەڵام هەندێك جار ڕاگەیاندنی پەرلەمان بەو كارە هەڵدەستێت.

سامان ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمان وتی، “وەك پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی ڕاستەوخۆ لای دەستەی سەرۆكایەتییە، بەڵام هەندێك جار ئەو مافە بە خۆمان دەدەین ئەگەر شتێك ڕوبدات لەنێو پەرلەمان كە كار بكاتە سەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی، ئێمە پەخش ڕادەگرین بۆ ئەوەی كاردانەوەی خراپ بەدوای خۆیدا نەهێنێت”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێم لە کۆبوونەوەدان

بابەتی دواتر

دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share