ڕۆژانە توێژینەوەی نوێ لەبارەی خواردن و بڕی كالۆری تا دێت زیاددەكەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە وەستاندنی خواردنەوە هەیە بۆ ماوەیەكی درێژ، كە بە ڕۆژوی پچرپچڕ ناودەبرێت و لە سیستمی كیتۆدا پەیڕەو دەكرێت.
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كەمكردنەوەی ژەمەكانی خواردن، زیاتر لە “كەمخۆری” لە ژەمەكاندا كە لەنێو خەڵكدا باوە، دەبێتەهۆی باشكردنی تەندروستی و تەمەنی درێژتر.
توێژینەوەكە كە لەسەر مشك كراوە و تیایدا ناچاركراون بە سیستمێكی خۆراكیی تایبەت، دەركەوتووە ئەوانەی خواردنەكەیان یەكجار لە ڕۆژێكدا خواردووە، زیاتر لەوانە ژیاون كە هەمان بڕی كالۆرییان لەماوەی چەند جارێكی ڕۆژەكەدا خواردووە، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.
توێژینەوەكە، كە لە گۆڤاری (نەیچەر میتاپۆلیزم) بڵاوكراوەتەوە، دەریخستووە، ئەو مشكانەی تەنها یەكجار خواردنیان لە ڕۆژێكدا خواردووە، پرۆسەی گۆڕینی خۆراك بۆ وزەیان باشتر بووە.
ڕۆژوی 21 كاتژمێری
هەر لە چوارچێوەی توێژینەوەكەدا، بڕی كالۆری دوو كۆمەڵەی دیكە بەڕێژەی 30% كەمكرایەوە، یەكێكیان ڕێگەیپێدەدرا خۆراكە كەمكالۆرییەكە بە درێژایی ڕۆژ بەدەستبهێنێت، ئەوەی دووەمیان هەمان بڕی كەمی پێدەدرا، بەڵام لە تەنها یەك ژەمدا و ناچاركردنی بە بەڕۆژوبوون بۆ ماوەی 21 كاتژمێر.
دواتر دەركەوت، ئەو مشكانەی پەیڕەوی سیستمی خۆراكیی كەمكردنەوەی كالۆرییان كردووە لەگەڵ بەڕۆژوبوونی 21 كاتژمێری، نزیكەی نیو ساڵ زیاتر ژیاون لەو مشكانەی لەهەر كاتێكی ڕۆژەكەدا بیانویستایە خواردنیان لەبەردەمدا بوو.
ژیانێكی كورتتر
لەلایەكی دیكەوە، ئەو مشكانەی دەیانتوانی بە بەردەوامی بگەنە خواردن، سەرەڕای ئەوەی كالۆرییەكەیان كەمتربوو، ژیانێكی كورتتریان هەبوو لە كۆمەڵەكەی دیكە، سەرەڕای ئەوەی لە كۆتاییدا كالۆرییەكی كەمتریان بەكاربردبوو.
ژمارەی كالۆری
دودلی لامینگ، توێژەر و بەرپرسی توێژینەوەكە لە زانكۆی ویسكۆنسن، دەڵێت، لەكاتێكدا هەندێك لە توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كە پێویستە مرۆڤ لەماوەی 4 تا 8 كاتژمێردا پابەندی نانخواردن بێت و “پێدەچێت هەندێك سوودی هەبێت”، بەڵام ئەنجامەكانی لەسەر ئاستی دوورمەودا تائێستا ڕوون نییە.
وتیشی، “تائێستا نازانین باشترین كاتی ڕۆژ بۆ بەڕۆژووبوون كەیە، لەكاتێكدا وەڵامدانەوەی خەڵك بۆ بەڕۆژووبوون و خواردنی گرێدراو بە كات جیاوازە”.
پوختەی توێژینەوەكە ئەوەیە، كە ئەو كەسانەی كالۆرییەكانی ڕۆژانەیان بەڕێژەی 20% یان 30% كەمدەكەنەوە، پێویستیان بە سەرلەنوێ بیركردنەوەیە لە دیاریكردنی چوارچێوەی كاتی خواردنی ژەمەكانیان.
لەسەر ئەو بنەمایەش لامینگ دەڵێت، ئەگەر ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوون بەسەر مرۆڤدا جێبەجێ بكرێت، ئەمە بەو مانایە دێت كە هەندێك لە سوودە باوەكانی سیستمی دیاریكردنی كالۆری لەڕێی دابەشكردنی ژەمەكانیان بە درێژایی ڕۆژ لەدەستداوە.
س: ئەلعەرەبییە