پارتی: پەكەكە بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان

وتەبێژی پارتی وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە دەداتەوە و دەڵێت، “جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەندراوێكدا مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم لە وەڵامی لێدوانی چەند بەرپرسێكی پەكەكەدا ڕایگەیاندوو، “جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە”.

وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە، ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان، ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە”.

مەحمود محەمەد ئەوەشی وتووە، “پەكەكە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاوڵاتییانی هەرێم باجی مرۆیی و مادی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن، كارمەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزن!، پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات”.

وتەبێژەكەی پارتی دەشڵێت، “پەكەكە لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان، لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێن ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە، لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان”.

بابەتی پێشتر

بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی دواخست

بابەتی دواتر

دۆخی تەندروستیی نەجمەدین كەریم ناجێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی هەولێر: كەسێك كوژرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بڵاویكردووەتەوە، شەوی ڕابردوو هاوڵاتییەكی تەمەن 33 ساڵان تەقەی لێكراوە و گیانیلەدەستداوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی…
Total
0
Share