هەڵوێستی یاسایی ئومێد بەرۆشكی دوای كشاندنەوەی سكاڵای پەرلەمانتارەكەی پارتی

ئومێد بەرۆشكی

دوای كشاندنەوەی سكاڵای سەر ئومێد بەرۆشكی لەلایەن پەرلەمانتارەكەی پارتییەوە، پارێزەرەكەی بەرۆشكی هەڵوێستی یاسایی ئەگەری زووتر ئازادكردنی بریكارەكەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕووندەكاتەوە.

ڕۆژی 17ی ئەم مانگە دادگای دهۆک سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ ئومێد بەرۆشکی دەرکرد، سزاکە لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار مەلا ئیحسان ڕێکانی بووە و بە ماددەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزادراوە، بەڵام دوێنێ سێشەممە سکاڵاکەی کشاندەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، هەرێم ڕەفعەت پارێزەری چالاکوانانی بادینان وتی، “دادگا كشاندنەوەی سكاڵانە قبوڵ ناكات، بەڵام دەتوانرێت داوای تێهەڵچوونەوە بكرێت بە سیفەتی پێداچوونەوە (تەمیز)، چونكە داواكە داوایەكی كەتنە و داوای تاوان نییە”.

بۆیە پارێزەرەكەی بەرۆشكی دووپاتیكردەوە، دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆك دەتوانن بە سیفەتی تەمیزی سوود لەو كشاندنەوەی سكاڵایە وەربگرن و ئومێد بەرۆشكی ئازادبكەن.

دوای دەرچوونی هەر بڕیارێکی دادگا، لایەنی سزادراو دەتوانێت لە ماوەی مانگێکدا داوای پێداچوونەوەی سزاکەی بکات، هەرێم ڕەفعەت لەوبارەیەوە وتی، “ئێمە داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەی دادگادا دەکەین و داواشدەکەین دادگا لەم جۆرە سکاڵایانەدا دۆخی سیاسی لەبەرچاوبگرێت و بڕیارەکانی یاسایی بن، چونکە هەر بڕیارێکی ئەوان کاریگەریی لەسەر شەقام دەبێت”.

سەبارەت بە بڕیاری دوێنێی دادگای هەولێر بە سزادانی بەدەل بەرواری بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک، لەکاتێکدا بۆ ماوەی 14 مانگە لە زیندانە، هەرێم رەفعەت وتی، “بەدەل بەرواری تەنها ساڵێك زیندانیی بۆ هەژمارکراوە و ئەو ماوەیەی لە دادگای لێکۆڵینەوە بووە، هەژمارنەکراوە”.

بابەتی پێشتر

تەقەكەرەكەی ئەمڕۆی حاجیاوا كوڕی بەرپرسی یەكێتی نییە

بابەتی دواتر

ڕەوتی سەدر دەیەوێت دووانەی "دەسەڵات – ئۆپۆزسیۆن" بوونیان هەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share