دەستەی دەستپاكی بڕی ئەو پارە دزراوانە ئاشكرادەكات كە گەڕێندراونەتەوە

دەستەی دەستپاكیی عێراق، بڕی ئەو پارانە ئاشكرادەكات كە گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، یاخود دەستیان بەسەردا گیراوە و چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیانن.

موعتەز عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەكان لە دەستەی دەستپاكیی عێراق، كۆی ئەو پارە براو و دزراوانەی ئاشكراكرد كە تا كۆتایی ساڵی 2020 گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بەشێكیشیان دەستیان بەسەردا گیراوە و بڕیارە بگەڕێندرێنەوە و وتی، “ئەو پارانەی لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق گەڕێندراونەتەوە، بریتین لە یەك ملیار و 417 ملیۆن و 984 هەزار دۆلار، 33 ملیۆن و 582 هەزار و 725 یۆرۆ، دوو ملیۆن و 329 هەزار و 521 پاوەندی بەریتانی، 951 ملیار و 428 ملیۆن و 263 هەزار دینار، 720 هەزار و 529 دیناری ئوردنی و سێ هەزار و 652 فرەنكی سویسری”.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەكان لە دەستەی دەستپاكی ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق ڕایگەیاندووە، دەستەی دەستپاكی دەستیگرتووە بەسەر 14 خانوبەرە و پێنج پشكی كۆمپانیای جۆراوجۆردا.

وتیشی، “چوار ملیۆن و 170 هەزار دۆلاری تر لە دەرەوەی وڵات دەستیان بەسەردا گیراوە و چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیانین و كۆی ئەو پارانەش كە بڕیاری گەڕاندنەوەیان دراوە، دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلارن.

لە ساڵی 2003وە تا ئێستا كۆی بودجەی گشتیی عێراق زیاتر بووە لە یەك ترلیۆن دۆلاری ئەمریكی، بەڵام وەك شارەزایان ئاشكرایدەكەن نزیكەی نیوەی ئەو پارانە لەڕێگەی گەندەڵییەوە دزراون و بەشێكیان بردراونەتە دەرەوەی عێراق.

مەنار عوبەیدی پسپۆڕی ئابوری و چاودێری دۆخی دارایی و ئابوریی عێراق دەڵێت، “نزیكەی 450 ملیار دۆلاری ئەمریكی لە پارەكانی عێراق دیارنین و ئەوەش دەكاتە 40% كۆی بودجەكانی عێراق لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا”.

بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، پەرلەمان و حكومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكیان گرتووەتەبەر و دەستەی دەستپاكی هەوڵی گەڕاندنەوەی پارەكان دەدات، بەتایبەت ئەوانەی دوای بردنەدەرەوەیان لەلایەن بانكەكانەوە سڕكراون، بەڵام وەك چاودێران ئاماژەی بۆدەكەن، هەوڵەكان لەئاست گەورەیی گەندەڵییەكان و زۆریی پارە دزراوەكاندا نین.

بابەتی پێشتر

پێشکەوتنی وڵات لە سایەی کشتوکاڵ و بەرهەمە ناوخۆییەکاندا

بابەتی دواتر

حاجی ئۆمەران.. هاوڵاتییەک گوللـە هاوەنێک پێیدا تەقییەوە و گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share