ڕەوتی سەدر دەڵێت، “پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ ئێمە دەبێت و ئەو پۆستە ئێمە دیاریدەكەین”.
دوای بەدەستهێنانی 73 كورسیی پەرلەمانی وەك ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن ئاشكرایانكردووە، نەسار ڕوبەیعی سەرۆكی دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی دەكات، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، “ڕەوتی سەدر بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران لە ڕەوتی سەدر دەبێت”.
وتیشی، “پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەشێوەی سازان نابێت”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی حكومەت چەند لایەنێك لەخۆناگرێت، لەكاتێكدا كابینەكانی تری حكومەتی عێراق لەدوای ساڵی 2003وە بەشێوەی سازان و ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان و دابەشكردنی پۆستەكان پێكهێنراون.
سەرۆكی دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر دەڵێت، “حكومەتی داهاتوو بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە ڕەوتی سەدر و هەموو شكستێك دەگرێتە ئەستۆی خۆی”.