لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە بەغداد.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران گەیشتووەتە بەغداد.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، قائانی لە ئەمڕۆوە ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی شیعە و حەشدی شەعبی ئەنجامدەدات.
هاتنەكەی قائانی دوای ئەوەدێت، دوێنێ هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، دەنگەكانی هاوپەیمانی فەتح، كە نوێنەرایەتیی سیاسیی حەشدی شەعبی دەكات، هەروەها ئەو هێزانەی كە لەئێرانەوە نزیكن، كەمیانكردووە.