وەك “پێزانینێك بۆ هەوڵەكانیان لە بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین” هەردوو ڕۆژنامەنووس ماریا ڕیسا لە فلیپین و دیمیتری مۆراتۆڤ لە ڕوسیا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی-ی ساڵی 2021یان پێبەخشرا.
خەڵاتەكانی نۆبڵ گرنگیی زۆریان پێدەدرێت، ئەمانەی خوارەوە ئەو كەسانەن كە لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتەكەیان وەرگرتووە.
باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لە ساڵی 2009 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، ئەمەش بۆ “پێزانێك بەرامبەر هەوڵە بێوێنەكانی لە پەرەپێدانی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی نێوان گەلان”.
ئۆباما لەسەر بردنەوەی خەڵاتەكە وتی، “سەرسامیكردووە و خۆنەویستییەكەی شەرمەزاركردووە” و وای بینیوە كە “بانگێشتكردنی بووە بۆ كاری زیاتر”.
بەڵام بردنەوەی خەڵاتەكە لەلایەن ئۆباماوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی لەكاتی پاڵاوتنی ناوەكان بۆ خەڵاتەكە، تەنها 12 ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەمریكادا تێپەڕبووبوو.
لە دیارترین براوەكانی خەڵاتەكە، جیمی كارتەر سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا (2002)، مەلالا یوسفزای چالاكوانی پاكستانیی بواری خوێندن (2014)، یەكێتیی ئەوروپا (2012)، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (2001) و كوفی ئەنان ئەمینداری گشتیی ئەوكاتی ڕێكخراوەكە.
هەروەك چەندین كەسی بەناوبانگ خەڵاتەكەیان بردووەتەوە، وەك ئەلبێرت ئەنیشتاین (1921 لە فیزیا)، ماری كورد (1903 لە فیزیا، 1911 لە كیمیا) و هارۆڵد پینتەر (2005 لە ئەدەب).
هەریەك لە جان پۆڵ سارتەر، نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1964 و لی دۆك سو، سیاسیی ڤێتنامی لە ساڵی 1973 خەڵاتەكەیان ڕەتكردەوە.
هەروەها چوار ئەدیبی دیكە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەكانیانەوە ناچاركران خەڵاتەكە ڕەتبكەنەوە.
دەدرێت بە كێ؟
دامەزراوەی نۆبڵی نەرویجی ساڵانە ژمارەیەك خەڵات بەناوی خۆیەوە دەداتە پێنج بوار (فیزیا، كیمیا، پزیشكی، ئەدەب و ئاشتی).
خەڵاتەكان دەدرێنە ئەو كەسانەی “بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداربوون لە خێروبێر بۆ مرۆڤایەتی” لە دوازدە مانگی ڕابردوودا وەك ئەوەی لە وەسێتنامەكەی ئەلفرێد نۆبڵ-ی خاوەنكاری سویدی و داهێنەری دینامیتدا هاتووە.
ئەلفرێد نۆبڵ وەسێتیكرد زۆرینەی سامانەكەی بۆ خەڵاتەكان تەرخانبكرێت كە یەكەمجار لە ساڵی 1901 بەخشرا.
لە ساڵی 1968دا بانكی ناوەندیی سویدی بواری شەشەمی بۆ زنجیرەی خەڵاتەكان زیادكرد كە ئابوری-یە، سەرەڕای ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی تایبەتمەندیی خەڵاتی نۆبڵی نییە، بەڵكو خەڵاتی بانكی سویدە لە ئابوریدا.
براوەكان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
هەموو ساڵێك، دامەزراوە جیاوازەكان خەڵات لە بوارەكانیاندا دەدەن. هەڵبژاردنی پێنج لە بوارەكانی خەڵاتەكە لەكۆی شەشەكەیان لە سوید دەبێت، بەڵام خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج هەڵدەبژێردرێت.
ئەركی پاڵاوتنی براوەكان لەئەستۆی (ئەكادیمیستەكان، مامۆستایانی زانكۆ، توێژەران، براوەكانی پێشوو و كەسانی دیكە) دەبێت.
براوەی خەڵاتی نۆبڵ تاجێكی گەڵای غاری لەسەردەنرێت وەك ئەوەی لە پێشبڕكێكانی كۆنی یۆناندا باو بووە.
هەر كەسێك دەتوانێت زیاتر لە جارێك خەڵاتەكە بباتەوە، بەو مەرجە بردنەوەكەی لە سێجار زیاتر نەبێت.
چەند ساڵێك بەخشینی خەڵاتەكە وەستێندراوە، زۆرینەیان لەمیانەی جەنگی دووەمی جیهاندا بوون.
براوەكانی خەڵاتەكە چی وەردەگرن؟
براوەی خەڵاتی نۆبڵ سێ شت وەردەگرێت كە بریتین لە، دبلۆمی نۆبڵ، كە پارچەیەكی هونەریی قەشەنگە، لەگەڵ مەدالیای نۆبڵ كە نەخشێكی هونەریی ڕەنگاوڕەنگی هەیە، سەرەڕای خەڵاتێكی نەختینە بە بڕی 10 ملیۆن كرۆنی سویدی (نزیكەی 1.1 ملیۆن دۆلار) كە بەسەر براوەكاندا دابەشدەكرێت ئەگەر زیاتربن لە یەك كەس، براوە پێویستە وانەیەك پێشكەشبكات بەر لە وەرگرتنی خەڵاتە داراییەكە.
خەڵاتەكان لە ستۆكهۆڵم و ئۆسلۆ لە ئاهەنگێكدا لە 10ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك، كە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵە پێشكەشدەكرێن.
براوەكان بەشە داراییەكەی خەڵاتەكە لەچیدا خەرجدەكەن؟
بیار و ماری كوری بەهای ئەو خەڵاتەی لە فیزیادا ساڵی 1903 بەدەستیانهێنا بەكارهێنا لە ئەنجامدانی زیاتری توێژینەوەی زانستی.
هەروەك جۆن ماسەر، هەڵگری نۆبڵی فیزیای ساڵی 2006 بەهای خەڵاتەكەی بەخشییە دامەزراوە زانستییەكەی.
لە ساڵی 1993 ڕیچارد ڕۆبرتس براوەی نۆبڵی كیمیای زیندەگی، بەهای خەڵاتەكەی لە یاریی كرۆكیتدا خەرجكرد، بەڵام فیلیپ شارپ-ی هاوەڵی لە بردنەوەی خەڵاتەكەی هەمان ساڵدا خانوویەكی شێوە كلاسیكی بۆ خۆی پێكڕی.
لە ساڵی 2001 سێر پۆڵ نرس، براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە پزیشكیدا ماتۆڕسكیلێكی قەشەنگی پێكڕی.
لە ساڵی 2006 ئۆرهان پامۆك، براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا مۆزەخانەیەكی لە ئیستەنبوڵ دروستكرد.
براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ كێن؟
لە بواری پزیشكیدا: دیڤید یۆلیۆس و ئەردیم باتابوتیان
لە بواری فیزیادا: سیوكورو مانابی، كلاوس هاسلمان و جۆرجیۆ باریزی
لە بواری كیمیادا: بنیامین لیست و دیڤید ماكمیلان
لە بواری ئەدەبدا: عەبدولڕەزاق قرنح
لە بواری ئاشتیدا: ماریا ڕیسا و دیمیتری مۆراتۆڤ
س: BBC