بەپێی ئامارە فەرمییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەنگدەری هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر زیاترە لە سنووری سلێمانی، بە جیاوازی زیاتر لە 50 هەزار كەس.
دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای دهۆک 51 هەزار و 22 دەنگدەری هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەیە، لە پارێزگای هەولێریش ژمارەی دەنگدەری هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە 90 هەزار و 54 دەنگدەرە، كە بە كۆی گشتی دەكاتە زیاتر لە 141 هەزار دەنگدەری هێزی ئەمنی و پێشمەرگە.
لەكاتێكدا لە پارێزگای سلێمانی، بە هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە، 84 هەزار و 775 دەنگدەری تایبەتی سەر بە هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەن، كە بەراورد بە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر 57 هەزار دەنگدەری کەمترە.
بەپێی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن وەریگرتووە، 331 هەزار و 605 كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە لە دەنگدانی تایبەتدا.
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی دەستیپێکرد و دەنگدانەکە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و ئاوارەکان و زیندانیان دەگرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 105 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە و زۆرترین ڕێژەی ئاوارەش لە پارێزگای دهۆکە، کە 69 هەزار ئاوارەیە.