بەپێی ئامارێك لە سێ ساڵی ڕابردووی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتارە “سەربەخۆ”كان كەمترین بەشداری و قسەیان لە دانیشتنەكاندا هەبووە، تیایاندایە هیچ قسەیەكی نەكردووە و پەرلەمانتارێكیش ئامارەكە ڕەتدەكاتەوە.
دوای كۆتاییهێنان بە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن ڕێكخراوی (مەرسەدی عێراقی)یەوە ئاماری ژمارەی بەشداریكردن و “مداخلة”ی پەرلەمانتاران لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكرایەوە، لە 10 زۆرترین بەشداریدا تەنها یەك پەرلەمانتاری كوردی تێدایە، ئەویش “موسەننا ئەمین”ــە بە 50 بەشداریكردن.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو پەرلەمانتارانەی بە “سەربەخۆ” ناسراون و لە ئێستاشدا دووبارە خۆیان كاندید كردووەتەوە، كەمترین بەشدارییان هەبووە، تەنانەت دووانیان هیچ بەشداری و قسەیەكیان نەبووە.
لە تەواوی سێ ساڵی ڕابردوودا، غالب محەمەد تەنها 10 بەشداری و “مداخلة”ی هەبووە، ئەحمەد حاجی ڕەشید سێ بەشداریی هەبووە، بەڵام هەریەكە لە سەركەوت شەمسەدین و ڕێبوار كەریم مەحمود لە تەواوی ئەو سێ ساڵەی خولی چوارەمی پەرلەماندا هیچ بەشداری و “مداخلة”یەكیان نەبووە.
ڕێبوار كەریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو داتایەی ڕەتكردەوە و بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 11 موداخەلەم هەبووە و هەندێكیشیم لە پەیجەكەم داناوە.
وتیشی، “بەدرێژایی ئەو ماوەیە هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان غائیب نەبووم و تەنها پەرلەمانتاری كورد بووم كە پرۆژەم هەبووە”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەو ڕێكخراوەی ئەو داتایەی بڵاوكردووەتەوە “خاوەنەكەی لە بارەگای بارزانی-یەوە ڕاستەوخۆ پارەی بۆ دەچێت و ماڵی لە گوندی ئینگلیزییە لە هەولێر و ڤێلایەكی وەرگرتووە”.