كۆمپانیای فایزەر كە ڤاكسینی دژەكۆرۆنای فایزەری دروستكردووە، پێشبینیدەكات لەماوەی ساڵێكدا دۆخی ژیان ئاساییببێتەوە.
ئەلبێرت بورلا، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند، “تا ساڵێكی دیكە ژیان ئاساییدەبێتەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كە گۆڕانكاری لە دۆخی كۆرۆنادا ڕوونادات و ڤاكسین پێویست نییە”.
وتیشی، “ئەو سیناریۆیەی زیاتر پێشبینیكراوە، ئەوەیە كە جیهان بەردەوامدەبێت لە بینینی گۆڕانكاری نوێ و بەردەوامدەبین لە خۆڤاكسینكردن بەلایەنی كەمەوە بۆماوەی ساڵێك”.
سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای فایزەر وتیشی، “ڕەنگە واپێویستبێت ساڵانە ژەمێكی ڤاكسین وەربگرین، بەڵام سەرباری هەموو شتێك دەبێت چاوەڕوانبین و سەیری داتاكان بكەین”.
ئەم هەواڵە دوای چەند ڕۆژێك دێت لە پەسەندكردنی پێویستی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا، لەكاتێكدا پێشتر باس لەوە كرابوو كە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە كۆرۆنا، وەرگرتنی دوو ژەم ڤاكسین پێویستە.
هاوكاتی ئەوەش هەفتەی ڕابردوو هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بایۆنتیك ئاشكرایانكردبوو، ڤاكسینەكەیان سەلامەتە بۆ منداڵانی تەمەن 5 – 11 ساڵان.