جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە فەرمانی مستەفا كازمی ژمارەیەك ئەفسەری هێزە ئەمنییەكان دەستبەسەركراون بەهۆی ئەوەی بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنیان كردووە لەگەڵ كاندیداندا.
فەریق عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بە فەرمانی مستەفا كازمی ژمارەیەك ئەفسەری هێزە ئەمنییەكان دەستبەسەركراون بەهۆی ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاوڕێیەتیی كاندیدی هەڵبژاردنیان كردووە لە ناوچە جیاوازەكان”.
شەمەری، جەختی لەوەشكردووەتەوە، ئەو ڕێکارە بەشێکە لە هەوڵەکانی دامەزراوە سەربازییەکان بۆ دووركەوتنەوە لە جووڵەی سیاسی و دەستوەرنەدانی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا.
بڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و 110 حزب و 22 هاوپەیمانی، ڕکابەری بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمانی دەکەن، 24 ملیۆن و 927 ههزار و 29 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.