بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازیی لە د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد.

لەمیانی دیداری نێوانیان، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتیی وڵات کرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

پەیوەست بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە دیدارەکەدا هەردوولا پەرۆشانە جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتنەکان کردەوە. لەورووەوە سەرۆک بافڵ بەڕێزەوە رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆککۆماری بەرز نرخاند بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی وڵاتدا و روونیکردەوە، یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ململانێ سیاسییەکان کە خۆشبەختانە لەم هەنگاوەشدا سەرکەوتوو بووین.

پەیوەست بە قەیرانی ناوچەیی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد کرا و د. لەتیف جەمال رەشید پەرۆشانە رایگەیاند، عێراق پشتگیری لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانە بێت بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە شەڕ و ئاڵۆزی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share