وەزارەتی گواستنەوە چی دەڵێت؟
كۆمپانیاكان قەرەبووی كاتەكانی بڕینی ئینتەرنێت بۆ بەشداربووانیان ناكەنەوە

لەگەڵ بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوە گشتییەكان ڕۆژانە بۆ چەند كاتژمێرێك هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت و بەشداربووان لەو خزمەتگوزارییە بێبەشدەكرێن بەبێ ئەوەی قەرەبوو بكرێنەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەركی وەزارەتەكەیان لەو ڕووەوە دیاریدەكات و دەڵێت، بەشداربووان دەتوانن سكاڵا بكەن.

ساڵانە هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی یەكەم و دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكانی 12ی ئامادەیی، ڕۆژانە بۆ چەند كاتژمێرێك هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت، كە ئامانج لێی ڕێگریكردنە لە قۆپیە و ساختەكاری.

ئەگەرچی پرۆسەكە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانە، بەڵام دەبێتەهۆی پێشێلی مافی بەشداربووان.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕینی هێڵەكان لەسەر داوا و نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەیە كە ئاڕاستەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە، ئەوانیش ئاراستەی كۆمپانیاكانی گەیاندنی دەكەن لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ساختەكاری.

لەئێستادا كە وەرزی دووەمی تاقیكردنەوەكان بەڕێوەدەچێت لەكاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانی تا كاتژمێر 9:30 خولەك هێڵەكان ڕادەگیرێن، كە بەراورد بە خولی یەكەم كاتژمێرێك كەمكراوەتەوە.

دیلان ڕەشاد وتی، “ئەو كارە پرۆسەیەكی بەردەوامە و هەموو ساڵێكە و پێویست بە قەرەبووكردنەوە ناكات، چونكە كۆمپانیاكانیش تیایدا زەرەرمەنددەبن، هاوڵاتییانیش دەبێت بۆ ئەو چەند كاتژمێرە ڕەچاوی بارودۆخی خوێندكاران بكەن كە ساڵانە بە ناهەق خەڵكێك بە غەش و قۆپیە دەردەچن و نمرەی زۆر دەهێنن”.

دەربارەی ئەوەی زۆرینەی بەشداری لە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان مانگانەیە و بۆچی بیر لەوەنەكراوەتەوە بۆ ئەو ماوەیەی هێڵەكان ڕادەگیرێت قەرەبووی بەشداربووان بكرێتەوە؟ وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وتی، “بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان ئەركی سەرشانی ئێمە تەنها ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكانە”.

ئەوەشی وت، “هەر كۆمپانیایەك گرێبەستی لەگەڵ بەشداربوو هەیە و هەموو ڕێنماییەكانی تێدایە، بەشداربوو هەر ناڕەزاییەكی هەیە یان كەموكوڕییەك دەبینێ و بە ناهەقی دەزانێت، دەتوانێت بەڕێگای یاسایی سكاڵا تۆماربكات و داوای مافی خۆی بكات”.

رۆژی 6ی ئەیلول تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و تا ڕۆژی 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمیش لە 25ی تەمموز دەستیپێكرد و نزیكەی مانگێكی خایاند.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share