گۆڤاری نیوزویك-ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكدا ڕووداوەكانی ڕۆژانی پێش 11ی سێپتەمبەری 2001 ئاشكرادەكات و ئاماژە بەو چالاكی و جموجۆڵانە دەدات، كە هێرشكارانی سەر دوو تاوەرەكەی ناوەندی بازرگانیی جیهانی و بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پێنتاگۆن” لەو ماوەیەدا ئەنجامیانداون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەو ئەندامانەی ڕێكخراوی قاعیدە كە لەڕێگەی چوار فڕۆكەوە هێرشەكانیان ئەنجامدا، لە مانگی ئابی 2001ـەوە پلانیان داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان لە 11ی سێپتەمبەردا كە بوونەهۆی كوژرانی نزیكەی سێ هەزار ئەمریكی و برینداربوونی هەزاران كەسی دیكە.
گۆڤارەكە ئاشكرایكردووە، دەسەڵاتدارانی ئەمنیی ئەمریكا، پێشتر و لە 6ی ئابی 2001دا، جۆرج دەبلیو بوش سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكایان لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی ئاگاداركردبووەوە.
ڕۆژی 8ی ئاب، مەروان شحی یەكێك لەوانەی فڕۆكەكانیان ڕفاندبوون، لە ویلایەتی فلۆریدا سەردانی (ناوەندێكی فڕۆكەوانی)ی كردووە و پارەی داوە بۆ ئەنجامدانی مەشقی فڕۆكەوانی.
لە 10ی ئابدا، هانی حەنجور ئەو كەسەی لە 11ی سێپتەمبەردا فڕۆكەیەكی كێشا بە پێنتاگۆن-دا، گەشتێكی ئاسمانیی كردووە بەمەبەستی ئاشنابوون بە واشنتن لە ئاسمانەوە.
11ی ئاب، ڕاهێنەرێكی فڕۆكەوانی لە ویلایەتی مینیسۆتا، (ئێف بی ئای)ی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی گومان لە زەكەریا موسەوی دەكات. موسەوی خوێندكاری ئەكادیمیای فڕۆكەوانی بووە لەو ویلایەتە و بڕیاربوو یەكێك بێت لە هێرشكارانی 11ی سێپتەمبەر، بەڵام دوای ئاگاداركردنەوەی ئێف بی ئای دەستگیركرا.
ڕۆژی 12ی ئاب، محەمەد عەتا یەكێك لە پلانداڕێژەرە سەرەكییەكانی هێرشەكان، بە فڕۆكە گەشتیكردووە بۆ شاری لاس ڤەیگەس بۆ تاوتوێكردنی ئامانجی هێرشەكان لەگەڵ دوو فڕۆكەوانی دیكەدا.
لە 16ی ئابدا، كارگێڕیی فڕۆكەوانیی فیدراڵی، هۆشداریداوە لەوەی كە پێدەچێت چەند تیرۆریستێك بە زەبری چەك فڕۆكەیەك بڕفێنن.
ڕۆژی 17ی ئاب، زیاد جەڕاح یەكێك لە هێرشكاران، لە قوتابخانەیەكی فڕۆكەوانی لە فلۆریدا، (گەشتێكی ئاسمانی)ی كردووە بۆ ئاشنابوون بە سیستمی فڕۆكەوانی و ئامێرەكانی.
لە 18ی ئابدا، ئێف بی ئای گومانی لادروستبوو بەوەی موسەوی و هاوژوورەكەی بەشێكن لە پلانگێڕییەكی گەورەتری گروپێكی توندڕەو.
ڕۆژی 21ی ئاب، ئێف بی ئای ناسنامەی دوو ئەندامی ئۆپەراسیۆنەكانی قاعیدەی ئاشكراكرد كە لە خاكی ئەمریكادان، ئەوانیش خالد محزاڕ و نەواف حازمی بوون.
لە 22ی ئابدا، كاربەدەستانی ئێف بی ئای لە مینیسوتا ڕایانگەیاندبوو، زیادەڕۆییانكردووە لە كاردانەوەكانیاندا بەرامبەر بە موسەوی.
ڕۆژی دواتر واتە لە 23ی ئابدا، ئێف بی ئای داوایكردووە محزاڕ وحازمی بخرێنە لیستی ئەو كەسانەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چاودێرییان دەكات.
لە 24ی ئابی 2001دا، هەواڵگریی ئوردن هۆشداری داوەتە ئەمریكا بەوەی ئەبو زوبەیدە ئەندامی قاعیدە، پلاندادەڕێژێت بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناو ئەمریكادا.
ڕۆژی 25ی ئاب، محەمەد عەتا بلیتی كڕیوە بۆ گەشتێكی ئاسمانی كە بڕیاربووە لە 11ی سێپتەمبەردا ئەنجامبدرێت.
ڕۆژی 3ی سێپتەمبەر، شحی چووەتە لقێكی فرۆشگەی “ووڵمارت” لە فلۆریدا و هەندێك كەرەستەی كڕیوە كە دەكرێت بۆمب یاخود شتێكی هاوشێوەی بۆمبیان پێدروستبكرێت.
لە 4ی سێپتەمبەردا، بۆیەكەم جار لە كۆشكی سپی كۆبوونەوەیەك كرا بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتەكانی پەیوەست بەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆردا بەتایبەت قاعیدە.
ڕۆژی 5ی سێپتەمبەر، ئێف بی ئای ڕاپۆرتێكی ناردووە بۆ دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی فیدراڵی لە مینیاپۆڵیس و هۆشداریداوە لە بوونی ئەگەری فڕاندنی چەند فڕۆكەیەكی كۆمپانیا گەورەكانی فڕۆكەوانی.
لە 8ی سێپتەمبەردا ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هۆشداریداوە لە هێرشی تیرۆریستیی نزیك.
لە 10ی سێپتەمبەردا بن لادن پەیوەندی بە دایكییەوە كردووە كە لە سوریا بووە و پێی ڕاگەیاندووە كە تا ماوەیەك ناتوانێت بیبینێت، چونكە “شتێكی گەورە خەریكە ڕوودەدات”.
ڕۆژی 11ی سێپتەمبەر، هێرشەكان لەلایەن 19 ئەندامی قاعیدەوە ئەنجامدران و 2977 ئەمریكی و گشت هێرشكارەكان كوژران.
سەرچاوە: نیوزویك، الحرە