کەشتییە چینییەکە کەی و لەکوێ دەكەوێتە خوارەوە؟

نوێترین بەدواداچوونەکان بۆ کەشتییە ئاسمانییە چینییە لەکۆنترۆڵدەرچووەكە، لەهەوڵی ئەوەدان بەدیاریکراوی کات و شوێنی كەوتنەخوارەوەی کەشتییەکە دەستنیشان بکەن.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی دامەزراوەی (ئێرەسپەیس کۆرپەرەیشن)ی ئەمریکی، کەشتیی شارد، کە بەناوی (لۆنگ مارش 5 بی) و لەلایەن چینەوە ڕەوانەی ئاسمان کرا و دواتر لەكۆنترۆڵ دەرچوو، لەماوەی نزیكەی هەشت کاتژمێری داهاتوودا دێتە بەرگەهەوای زەوییەوە.

بەپێی دامەزراوە ئەمریکییەکە، ئەگەری هەیە کەشتییە ئاسمانییەکەی چین ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە یان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەر زەوی بکەوێت.

ئێرەسپەیس کۆرپەرەیشن دەشڵیت، “بەپێی دوایین پێشبینییەکانی ئێمە، کەشتییەکە لە کاتژمێر 4:19 خولەکی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە (دەکاتە کاتژمێر 7:19 خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی کوردستان) دەکەوێتە خوارەوە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دامەزراوەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەری زۆری هەیە کەشتییەکە لە نزیک باکووری نیوزلەندا بێتە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە.

هەر لەوبارەیەوە، یەکەی دیاریکردنی خولگەکانی کەشتییەکە لەو دامەزراوەیەی خاوەنی کەشتییەکەیە، ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەوەی کەشتییەکە لەسەر خولگەیەکی ناجێگیر بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، بۆیە ناتوانرێت بە دروستی شوێنی گەیشتنی کەشتییەکە بە بەرگەهەوا دیاری بکەین”.

پێشتریش کەناڵی CNNی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە نوێترین بۆچوونەکانی سوپای ئەمریکا لەبارەی کەشتییەكەوە ئەوە دەخەنەڕوو، کە لە ناوچەیەک نزیک تورکمانستان بەر زەوی دەکەوێت، جەختیان لەوەشکردووەتەوە، کەشتییەکە لە وشکانیدا دەکەوێتەخوارەوە نەک زەریاکان، ئەگەریشی هەیە لە ناوچەی نیشتەجێبووندا بەر زەوی بکەوێت.

بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی پێشبینیی ڕێکخراوی هەماهەنگیی گەردوونیی ئەمریکی بڵاوكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، پێدەچێت کەشتییەكە لە ئاسمانی وڵاتی سودان بکەوێتە خوارەوە.

حکومەتی ویلایەتی باکووری سودان لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، زانیاریی لە حکومەتی فیدڕاڵییەوە پێگەیشتووە لەسەر کەشتییە چینیەکە، پێشبینیدەکەن ئەمڕۆ شەممە لە باکوری سودان بکەوێتە خوارەوە.

حکومەتی ویلایەتی باکووری سودان دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند، بەڵام داواشی لە هاوڵاتییان كرد گوێ بە هەواڵی نادروست نەدەن لەسەرچاوەکانی دیکەوە، تەنها لەسەرچاوە فەرمییەکانیی وڵاتی خۆیانەوە زانیاری وەربگرن.

کەشتیی ئاسمانیی “لۆنگ مارش 5 بی” لە بەرواری 29ی نیسان لەلایەن چینەوە لە دورگەی هاینان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، دواتر ئەو وڵاتە لە کۆنترۆڵ دەرچوونی کەشتییەکەی ڕاگەیاند، کەشتییەکە لە هەر 90 خولەکێکدا جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندبوو، بەشێکی زۆر لە پارچەکانی ئەو کەشتییە لەبەرگەهەوادا گڕدەگرێت و بە تەواوی قەبارەیەوە بەر زەوی ناکەوێت، ناتوانێت زیانێکی زۆر بە زەوی بگەیەنێت.

ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەکانی تایبەتمەند لە بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی چینی دەڵێت، كەشتییەكە قەبارەیەكی گەورەی هەیە، ئەو پارچەیەی دێتە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە، گەورەترین پارچەی کەشتییەکەیە و کێشەکەی 18 تۆن دەبێت.

نەخشەی سات بە ساتی نزیکبوونەوەی کەشتییەکە لە بەرگەهەوای زەوی:

بابەتی پێشتر

پارێزگاری بانكی ئینگلتەرا: وەبەرهێنەرانی دراوە ئەلیكترۆنییەكان سەرجەم پارەكانیان لەدەستدەدەن

بابەتی دواتر

جەنگی نێوان یوێفا و سێ یانەی سوپەرلیگ دەستیپێکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share