ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ئەو كۆچبەرانەی بۆ سوریا دەگەڕێنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕوبەڕووی دەستگیركردن، ئەشكەنجە و تەنانەت دەستدرێژیی سێكسی دەبنەوە.
ڕێكخراوەكە ڕاپۆرتێكی لەژێر ناوی “تۆ بەرەو مەرگ دەچیت” بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، پێنج كۆچبەر لەكاتی دەستگیركردنیان گیانیان لەدەستداوە، 14 حاڵەتی توندوتیژیی سێكسی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراوە، لەنێویاندا حەوت حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر پێنج ژن و تازەپێگەیشتوو و منداڵێكی كچی پێنج ساڵان هەیە.
ڕاپۆرتەكە پشتی بە چاوپێكەوتن لەگەڵ 41 ژن و پیاوی سوری بەستووە، لەنێویاندا كۆچبەرانی گەڕاوە و كەسە نزیكەكانیان هەیە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەكات، ئەوانەی میوانداریی كۆچبەرانی سوری دەكەن ناچاری گەڕانەوەی زۆرەملێ-یان بۆ وڵاتەكان نەكەن، هۆشداری ئەوەش دەكات كە سوریا شوێنێكی سەقامگیر نییە بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەران.
لەلایەن ڕێكخراوەكەوە “پێشێلكاری مەترسیدار” تۆماركراوە كە هێزەكانی ئاسایشی سوریا دەرهەق بە 66 كۆچبەر ئەنجامدراوە و لەنێوانیاندا 13 منداڵ هەیە، ئەوانە لە ساڵی 2017ەوە تا بەهاری ئەمساڵ بۆ ئەو وڵاتە گەڕاونەتەوە و پێشتر لە چەند وڵاتێكی دیكەی وەك (لوبنان، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و توركیا) و خێوەتگای روكبان بوون لە سنووری سوریا-ئوردن.
شەڕ و ململانێكانی سوریا لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە لە ئازاری 2011 تائێستا بووە هۆی ئاوارەبوون و هەڵهاتنی زیاتر لە نیوەی دانیشتوان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەكە، لەنێویاندا زیاتر لە 6.6 ملیۆن پەنابەر هەیە كە بۆ وڵاتانی دەوروبەر هەڵهاتوون.
س: DW