ئێلیزیێ: ماكرۆن پشتیوانیی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە

دیداری ماكرۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە كانونی دووەمی 2017

لە چێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێ، بڕیارە سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.

سەرۆكایەتیی فەڕەنسا بڵاویكردەوە، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا بەشداری لە لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغداد دەكات، كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

بڕیارە كۆبوونەوەكە ڕۆژی شەممە بە بەشداری ماكرۆن و سەركردەی بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە ئەنجامبدرێت.

ڕۆژی یەكشەممەش سەرۆكی فەڕەنسا دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چەند دیدارێك ئەنجامدەدات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی فەڕەنسا، ماكرۆن لە هەولێر “هێزی پشتیوانیی فەڕەنسا لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر” بۆ بەرپرسانی هەرێم دووپاتدەكاتەوە و ڕێزلێنانێكیش بۆ پێشمەرگە ئەنجامدەدات.

دوای هەولێریش، ماكرۆن سەردانی موسڵ دەكات بەمەبەستی بەسەركردنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە وێران كراون، جگە لە دیداری لەگەڵ خوێندكاران و كەسایەتییە كاریگەرەكان و نیشاندانی پشتیوانی بۆ كریستیانەكان، هەروەها سەردانی مزگەوتی نور دەكات، كە پێشتر لەلایەن داعشەوە خاپوركرا.

لەمیانەی سەردانەكەدا، نادیە موراد، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و كەسایەتیی كوردی ئێزدی یاوەریی سەرۆكی فەڕەنسا دەكات، جگە لە كارۆلین فۆرست، نوسەر و چالاكوانی بواری ژنان.

س: RT + AFP

بابەتی پێشتر

وەزارەتی كارەبا داواكارییەك ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی بازرگانی: هەر ماركێت و بازرگانێك نرخی هێلكە بەرزبكاتەوە سزادەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share