پێشمەرگە بۆمبێكی چێنراوی لە زینی وەرتێ پوچەڵ كردەوە

هێزەکانی پێشمەرگە بۆمبێکی چێنراویان لە زینی وەرتێ پوچەڵ کردەوە.

سەنتەری میدیای سەربەوەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ شەممە بەشی ئەندازیاری سەربازی هێزەکانی پشتیوانی یەکی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، لە زینی وەرتێ توانیان جلیکانەیەکی 25 لیتری TNT، کە دوو چەشنەی کارەبایی لێبەستراوە و 29 مەتر (فتیلی کۆرنێکس)یان پێوەگرێدرابوو بۆ تەقینەوە ئامادەکرابوو پووچەڵ بکەنەوە”.

وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكردووە، “بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هەموو گریمانەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە هێزەکانی پەکەکە ئەو بۆمبەیان دانابێتەوە”.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، پێشتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، “چەند بەرپرسێكی پارتی و میدیاكانی ئەو حزبە باسیان لەوەكردووە، كە پەكەكە لەسەر ڕێگاكان مینی بۆ پێشمەرگە داناوە، ئەوانە دوورن لەڕاستییەوە و بەهیچ شێوەیەك گەریلا مین لە دژی پێشمەرگە دانانێت”.

وتەبێژەكەی هەپەگە باسی لەوەشكردبوو، “بڵاوكردنەوە و دانانی ئەو مینانە بۆ گێرەشێوێنییە، پارتی خۆی دایناوە تا پەكەكەی پێ تۆمەتباربكات”، جەختی لەوەشكردەوە، “پەكەكە ئەگەر مین دابنێت، بۆ توركیا و داگیركەرانی خاكی كوردستانی دادەنێت، نەك پێشمەرگە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەغداد ئەلیەوم: لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجدەکرێت

ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت. ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی…
Total
0
Share