وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لەلای ئەوان نییە، ئەوان تەنیا دەتوانن لە کۆمەڵێک دۆخدا و بەگوێرەی یاسا دۆسیە بۆ شۆفێران بکەنەوە و ڕەوانەی دادگاکانی بکەن.
ڕائید عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دەسەڵاتی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لەلای ئێمە نییە، بەڵکو لەلای دادوەرە و ئێمە ناتوانین مۆڵەت لە شۆفێران وەربگرینەوە، ئەم بابەتە بە یاسا ڕێکخراوە.
وتیشی، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە کە ئەگەر شۆفێرێک لەژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکاندا شۆفێریی کرد، یان مۆڵەتەکەی هاوتای ئۆتۆمبێلەکەی نەبوو، یان کەسەکە داوای یاسایی لەسەربوو، ئێمە لەم حاڵەتانەدا دەتوانین پەڕاوی بۆ بکەینەوە و ڕادەستی پۆلیسی بکەین، تاوەکو ئەوانیش دواتر ڕادەستی دادوەری بکەن، لە کۆتایدا بڕیار لەلای دادوەرە کە مۆڵەت لەو شۆفێرە وەردەگرێتەوە یان نا.