دوای كشانەوەی هێزە بیانییەكان، تاڵیبان بەنزیكەیی تەواوی شار و ناوچەكانی ئەفغانستانی كۆنتڕۆڵكرد، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ویلایەتە یەكگرتووەكان پاش 20 ساڵ شەڕ وڵاتەكەی جێهێشت.
ساڵی 2001 هێزەكانی ناتۆ چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبانی ناچاركرد لە كابوڵ بچنە دەرەوە، ئەمەش پاش هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بۆسەر نیویۆرك و واشنتن.
لەگەڵ ئەوەدا، پاش نزیكەی دوو دەیە، بنكە و چەكدارانی گروپە ئیسلامییە چەكدارەكە گەڕانەوە پایتەختی ئەفغانستان، بۆ گرتنی وێنەی سێڵفی لە كۆشكی سەرۆكایەتی، ئێستا نزیكەی تەواوی وڵاتەكە لەژێر دەستیاندایە.
ئەوەی زیاتر مایەی سەرسوڕمانە، سەرچاوەی گەیشتنە دۆخی ئەمڕۆ بەهۆی شكستی سەربازیی كارەساتباری ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی ناتۆیەوە نییە، بەڵكو بەهۆی ڕێككەوتنی ئاشتییەوەیە، كە پێشتر بەوردی كاری لەسەر كراوە.
ئەو دۆخە كارەساتاوییە چییە كە ڕوویدا و بووە هۆی واژووكردنی ئەم ڕێككەوتنە، كە لە سەردەمی سەرۆكێكی ئەمریكادا كرا و لە سەردەمی سەرۆكی دوای ئەودا جێبەجێكرا؟
بۆچی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕێككەوتنی لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامدا؟
لە ڕۆژی دووەمی پاش داڕمانی دوو باڵەخانە گەورەكەی نیویۆرك، جۆرج دەبلیو بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا بەڵێنیدا كە “ئەم جەنگە كاتی زۆر دەخایەنێت و لە كۆتاییدا چارەسەر دەبێت، بەڵام هەڵە ئەنجام نادەین، سەركەوتنمان گومانی تیانییە”. بەڵام لە ڕاستیدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان نزیكیش نەبووەوە لە سەركەوتنی سەربازی بەسەر تاڵیبان-دا.
سەرەڕای ئەوەی گروپەكە، كە چەكدارانی قاعیدەی بەرپرسیار لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەریان شاردەوە، بەهۆی دەستێوەردانی ناتۆوە بەخێرایی لە شارەكان وەدەرنران، چەند ساڵێكی خایاند تا جارێكی دیكە ڕیزەكانی ڕێكخستنەوە و بە گەیشتنە ساڵی 2014 لە دۆخێكدا بوو كە دەیتوانی هێرش بۆسەر هێزەكانی ڕۆژئاوا و حكومەتی نوێی ئەفغانستان ئەنجامبدات.
وەك وەڵامێك بۆ زیادبوونی هێرشەكان، باراك ئۆباما، سەرۆكی نوێی ئەوكاتی ئەمریكا بڕیاریدا هێزی سەربازی زیاتر ڕەوانە بكات، لە ساڵی 2009دا بڕیارەكە جێبەجێكرا بە زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ناتۆ لەو وڵاتە تا گەیشتە 140 هەزار لە ترۆپكی ژمارەیدا.
ئەو زیادبوونە هاریكاربوو لە جارێكی دیكە كشانەوەی تاڵیبان، بەڵام بەبێ ئەوەی كاریگەرییەكی درێژمەودای هەبێت.
بەهۆی ئەوەی ململانێكە بووە درێژترین جەنگی ویلایەتە یەكگرتووەكان، تێچووەكەی لەسەر وڵاتەكە گەیشتە نزیكەی 978 ملیار دۆلار و كوژرانی زیاتر لە 2300 كەس، لایەنگرانی دەستێوەردان لەلایەن ئەمریكییەكانەوە لە پاشەكشەی بەردەوامدابوو تا زیادبوونی داواكارییەكانی كۆتاییپێهێنانی.
پاش ئەوەی ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریكییانەی دەكوژران ساڵانە كەمیدەكرد، پاش گواستنەوەیان بە فەرمی بۆ ڕاهێنان و پشتیوانیكردنی هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان لە ساڵی 2014 بەدواوە، ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان لە ساڵی 2019 وتی، “زیاتر لە 45 هەزار كارمەندی ئاسایشی ئەفغانستان قوربانی گەورەیان داوە” لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.
لە سایەی ئەم دۆخەدا، دۆناڵد ترەمپ-ی شوێنگرەوەی ئۆباما وتووێژی چڕی لەگەڵ تاڵیبان دەستپێكرد و لە شوباتی 2020 ڕێككەوتنێكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
پێدەچێت زۆریش ڕەزامەندبووبێت كاتێك لەماوەی بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەبارەیەوە دەدوا، ئەوكات لە لێدوانێكیدا بۆ ئەكسیوس نیوز وتی، “سەبارەت بە ئێمە، وادەردەكەوێت كە تاڕادەیەكی زۆر لە دەرەوەی ئەفغانستان بین، ئێمە ماوەی 19 ساڵە لەوێین، پێویستە دەربچین لەو وڵاتە”.
لە ئاكامدا ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر كشانەوەی ئەودوای هێزەكانی لە ئەفغانستان، تاڵیبان-یش ڕایگەیاند كە ڕێگە بە قاعیدە و هیچ گروپێكی یاخیبووی دیكە نادات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا كاربكات.
هەروەك باسكرا ئاڵوگۆڕ بە پێنج هەزار بەندكراوی تاڵیبان بەرامبەر هەزار بەندكراوی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان دەكرێت، جگە لە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكە.
ڕێككەوتنەكە تەنها لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و تاڵیباندا بوو، پلانەكە وابوو كە تاڵیبان لای خۆیەوە وتووێژ لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستاندا بكات بۆ دیاریكردنی چۆن و كێ حوكمی وڵات بكات لە ئایندەدا.
هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان، كە بە تێچووی 88.32 ملیار دۆلار ڕاهێنانی پێكرابوو و ژمارەیان لەسەر كاغەز 300 هەزار سەرباز بوو، ڕۆڵەكەی پارێزگاری لە دۆخی وڵات بوو لەكاتی وتووێژەكاندا.
ئایا هەردوولا پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكەوە؟
لە سەردەمی ترەمپ-دا ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستیكرد بە كشانەوە، وتووێژی ڕوبەڕووی نێوان تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان لە ئەیلول دەستیپێكرد، بەڵام گەیشتنە ڕێككەوتن وادیاربوو ئاسان نەبوو.
سەرەڕای بێئەنجامی وتووێژەكان، بەرهەڵسكارانی تاڵیبان بەئومێدبوون كە ڕێككەوتنەكە نابێتە هۆی ڕوودانی كارەسات.
ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان لە شوباتی ڕابردوو وتی، “ئەمە ڤێتنام نییە، ئەمە حكومەتێك نییە لە لێواری هەرەسدا بێت”.
لە تەمموزیش وتەبێژ بەناوی تاڵیبان وتی، “سەرەڕای ئەوەی دەستی باڵامان هەیە لە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵام زۆر شێلگیرین لەسەر وتووێژ و گفتوگۆ”.
بەڵام هەمان كات 10 پایتەختی شارەكانیان لە هەفتەیەكدا كۆنترۆڵ كردبوو، ئەمەش نیشانە و بەڵگەی ڕوون بوو لەسەر ئەوەی لە ئایندەدا چی ڕوودەدات.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، كە سەرەڕای ناكۆكییەكانی لەگەڵ ترەمپ لە ئەودوای سیاسەتەكانی دیكەی، درێژەی بە ڕێككەوتنی پێشینەكەی لەگەڵ تاڵیبان دا، مانگی ڕابردووش بە ڕۆژنامەنووسانی وت، “نەوەیەكی دیكەی ئەمریكییەكان ڕەوانەی جەنگ لە ئەفغانستان ناكات، بەبێ بوونی ئەگەری گونجاو دەربارەی ئەگەری هێنانەدیی ئەنجامی جیاواز”.
وتیشی، “ئەگەری هێرشی تاڵیبان بۆسەر سەرجەم ناوچەكان و كۆنترۆڵكردنی تەواوی وڵات بەدووردەزانرێت”.
بەڵام سەرەڕای ڕووداوەكانی ئەمدواییە، سەرۆكی ئەمریكا لە بڕیارەكە پاشگەزنەبووەوە.
ڕۆژی دووشەممە وتی، “ئەو پێشهاتانەی هەفتەی ڕابردوو ڕوویدا ئەو بڕوایەی لەلا چەسپاندووە كە كۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریكا لە ئەفغانستان لەئێستادا بڕیارە ڕاستەكەیە”.
بەڵام سەبارەت بە زۆرینە، لێدوانەكەی شیرمحەمەد عەباس ستانیكزای، سەركردەی تاڵیبان، كە لەسەر سەكۆیەكی هۆتێلێكی گەورەوە پاش واژووكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ گەورەترین سوپای جیهان لە ئەیلولی ڕابردوو دەدوا، ئەوكات وتی، “هیچ گومانێك لەئارادانییە كە ئێمە سەركەوتنمان لە جەنگ بەدەستهێنا”، پێدەچێت زیاتر دروست بێت و توانای شیكردنەوەی بارودۆخەكەی هەبێت.
س: BBC