گروپە چەكدارە شیعییەكان مەرجیان هەیە بۆ قایلبوون بە دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا، دەیانەوێت لە پەرلەمانەوە چاودێریی كشانەوەی سەربازیی ئەمریكا بكرێت.
حامید موسەوی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی فەتح (باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی)، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە، پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ دروستكردنی لیژنەیەك ئامادە دەكات بۆ چاودێریكردنی كشانەوەی ئەمریكا، وەك ئەوەی لە ڕێككەوتنی دیالۆگی ستراتیژیدا هاتووە.
موسەوی لەبارەی كاتی پێكهێنانی لیژنەكە دەڵێت، لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرەلماندا پێكدەهێنرێت، ڕێگەی پێدەدرێت سەردانی مەیدانیی ئەو ناوەندانە بكات، كە هێزەكانی ئەمریكایان تێدایە و چاودێریی كشانەوەكە بكەن.
پەرلەمانتارەكەی فەتح هۆشداریی ئەوەشی داوە، بنكە سەربازییەكان بەڕووی لیژنە پەرلەمانییەكەدا نەكرێتەوە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی بەدەستەوەدانی بیانوو بۆ بەردەوامبوونی هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆسەر بنكە سەربازییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان، ئەمە جگە لەوەی ” ڕێككەوتنەكە پوچەڵدەبێتەوە ئەگەر كشانەوەكە جێبەجێنەكرێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی عێراقیش بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، دروستكردنی ئەو لیژنە پەرلەمانییە مەرجێكی گروپە چەكدارەكانە بۆ وەستاندنی هێرشەكانیان، ئاشكراشیكردووە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گروپانە بەردەوامە بۆ قبوڵكردنی دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژی و هێوركردنەوەی دۆخەكە.
سەرچاوەكەی حكومەتی عێراق دەڵێت، هەندێك لە گروپە چەكدارەكان لە هەڵوێستەكانیاندا توندن، بەڵام بەشێكی دیكەیان مەرجی لیژنە پەرلەمانییەكەیان داناوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانیان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەڵام نەیشاردەوە “جێبەجێكردنی ئەو مەرجە “قورسە، بەتایبەت كە پەیوەندیی بە پرسێكی ئەمنی و سەربازییەوە هەیە”.