لوتكەی جەدە بۆ ئاسایش و پەرەپێدان بەڕێوەچوو

لوتكەی جەدە تایبەت بە پرسەكانی ئاسایش، وزە و پەرەپێدان بە بەشداری عێراق، ئەمریكا، وڵاتانی كەنداو و ‏چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی بەڕێوەدەچێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لوتكەكە بە وێنەگرتنی سەركردە بەشداربووەكان دەستیپێكرد بەر لە پێشكەشكردنی وتەی دەستپێك لەلایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە كە تیایدا ڕایگەیاند، گرێدانی لوتكەكە لەكاتێكدا جیهان ڕووبەڕووی ئالنگاری گەورە دەبێتەوە و هیواخواست لونكەكەیان ڕووبەرووی ئالنگارییە جیهانییەكان ببێتەوە.

بن سەلمان وتی، ئابوریی جیهان بەستراوەتەوە بە سەقامگیری نرخی وزە، پێویستە درێژەبدرێت بە وەبەرهێنان لەبواری وزەی خاوێندا. ئەوەشی وت، شانسینی سعودیە وەك پێشتر ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەم بۆ 13 ملیۆن بەرمیل.

لەبارەی پرسیە سیاسییەكانەوە شازادەی سعودیە داوای لە ئێران كرد هەماهەنگی بكات و دەست لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەرنەدات، باسیشی لە عێراق كرد و وتی، باشبوون لە ئاسایشیدا بەدیدەكرێت كە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە دەبێت. ئاماژەی بەوەشكرد كە سەقامگیریی ناوچەكە چارەسەری سیاسی لە سوریا و لیبیا دەخوازێت.

هەروەك ئاماژەشی بە ڕێككەوتنی بەستنەوەی كارەبا لەنێوان عێراق، سعودیە و كەنداو كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ ناویبرد.

لای خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتارەكەیدا لە بەردەم سەرۆك و ‏سەركردە و پادشای وڵاتانی عەرەبیدا ڕایگەیاند، هیچ وڵات و دامەزراوەیەك ناتوانێت ‏بەردەوام بێت، ئەگەر پشتگیریی گەلەكەی لەگەڵ نەبێت.

بایدن چەند پرسێكی دیكەی سەربازی و سیاسی و وزەی ڕوونكردەوە، دووبارە ‏دووپاتیكردەوە، كە هیچ بۆشاییەك لە ناوچەكە بۆ ڕوسیا و چین جێناهێڵن و وتی “سوورین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆر لە ناوچەكەدا، پاڵپشتی بۆ هاوپەیمانەكانمان لە ناوچەكەدا دەستبەردەكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

وتیشی، “ویلایەتە یەكگرتووەكان بە هاوبەشێكی چالاك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاردەكەین و پەیوەندیی ئابوریی درێژمەودا بونیاددەنێین.. بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گرێدراوە بە سەركەوتنەكان لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست”.

سەرۆكی ئەمریكا دووپاتی لە سەقامگیری و بەهێزیی عێراقیش كردەوە بۆ سوودگەیاندن بە سەقامگیریی ‏ناوچەكە.

شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن كە یەكێكی دیكەیە لە بەشداربووان ڕایگەیاند، سەقامگیری لە ناوچەكەدا نایەتەدی بەبێ گەیشتنە چارەسەری دۆزی فەڵەستین، جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگیی “گەیشتنە چارەسەرێكی دادپەروەرانە و بەرفراوانی پرسی فەلەستین”.

ئاماژەشی بە گرنگی هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ كەنداو و عێراق كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان.

شای ئوردن تیشكی خستەسەر بوونی زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری سوری لەسەر خاكی وڵاتەكەی و داوای بونیادنانی پەیوەندی پتەوی لە ناوچەكەدا كرد لەپێناو خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی گەل.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە وتەی خۆیدا سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ویلایەتە یەكگرتووەكان كردەوە و كێشە جیهانییەكان زیادیانكردووە هەڕەشەن لەبارەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی تیرۆر، بەپێویستیشیزانی وڵاتانی ناوچەكە بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان.

جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی سنووردانان بۆ ململانێ و جەنگە ناوخۆییەكان لە ناوچەكەدا و وتی، میسر كراوەیە بەڕووی گرتنەبەری سیاسەتی ئاشتی بۆ چارەسەری سەرجەم ململانێكان.

تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەر ڕایگەیاند، پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان چارەسەری ناكۆكییەكان بەردەست دەخات و جیهان لە جەنگ دووردەخاتەوە و وتی، “ئاسایش و سەقامگیری نایەتەدی بەبێ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و هێنانەدی پەرەپێدان.

وتیشی، مەترسییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێویستیی چارەسەری پرسی فەڵەستین دەخوازێت.

هاوكات حەمەد بن عیسی بن سەلمان شای بەحرەین وتی، دەستێوەردان لە كاروباری ناوچەكە ئالنگارییە مەترسیدارەكەیە.

داواشیكرد لوتكە جەدە ببێتەهۆی گرێدانی پەیوەندییە ستراتیجییەكان لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا.

لە وتەی خۆیدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە ستراتیجێكی بەرفراوان بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و وشككردنی سەرچاوەی پارەداركردنی بگیرێتەبەر.

وتیشی، عێراق پاڵپشتی ڕێڕەوی وتووێژەكان دەكات بۆ دوورخستنەوەی چەكی ئەتۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرهەڵدانی دیموكراسیەت لە عێراق ڕووبەڕووی ڕێگری دەبێتەوە بەهۆی كەمی شارەزاییەوە.

كازمی باسیشی لە كاردانەوەكانی پاش شەڕی ئۆكرانیا كرد و وتی، پێویستی بە هەوڵی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا، لەگەڵ یەكخستنی هەوڵەكان بۆ زامنكردنی ئاسایشی خۆراك بۆ گەلانمان و زامنكردنی هەناردەی وزە.

سەرۆك وەزیران ڕوونیشیكردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی بەرچاو زەرەرمەند بووە لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، قەیرانی ئاو و مەترسییەكانی بەبیابانبوون و وتی، هەموو ئەو كێشە تەندروستییانە بوونە هۆی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی وەك پەتای كۆرۆنا.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی سلێمانی: تاقیگەكانی پشكنین زیادكران

بابەتی دواتر

سیتی یاریزانێکی دیکە بە ئارسیناڵ دەفرۆشێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share