سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمڕۆ پەكەكە لە چیای مەتین تەقەیان لە هێزێکی پێشمەرگە كردووە،
جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 8:30ی بەیانی لەناوچەی چەرچلێ لە چیای مەتین، “هێزەکانی پەکەکە تەقەیان لە هێزێکی پێشمەرگە کرد، لەکاتێدا هێزەكەی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی خۆیان لەوێبوون”.
بەوتەی سوپاسالاری پێشمەرگە، “دوای تەقەکردن لەلایەن پەکەکەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بەتوندی وەڵامی تەقەکەیان داوەتەوە و هیچ زیانێكی گیانی بەر هێزی پێشمەرگە نەکەوتووە”.
ئیمینکی وتیشی “پەکەکە هەوڵی پشێوی و دروستبوونی شەڕ دەدات، هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دروستبێت، پەکەکە لێی بەرپرسە، چونکە هێزی پێشمەرگە پاراستنی هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت”.
تا ئێستا پەكەكە هیچ قسەیەكی لەبارەی ئەو ڕووداوەوە نەكردووە.