فوئاد حسێن: پێدەچێت ئەم گەڕەی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا كۆتا گەڕ بێت

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چوارەمین گەڕی دانوستانی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، كە چەند ڕۆژێكە دەستیپێكردووە، پێدەچێت کۆتا گەڕی دانوستانەکان بێت، دەشڵێت، لە دانوستانەکاندا ڕێککەوتن لەسەر خشتەیەکی كاتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “حوڕە” ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمریکا هێزی زۆری لە عێراق نییە، بەڵكو کۆمەڵێک سەربازن لەناو بنکە سەربازییەکانی عێراقدا بوونیان هەیە، نەک بنکەی سەربازیی تایبەتی هێزەکانی ئەمریکا هەبێت وەک هەندێک لایەن باسی دەکەن.

چەند ڕۆژێكە و پێش كۆبوونەوەكەی 26ی مانگی نێوان جۆ بایدن و مستەفا كازمی لە ئەمریكا، گەڕی چوارەمی دانوستانی نێوان بەغداد و واشنتن دەستیپێكردووە، فوئاد حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت، پرسی کشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوان مستەفا كازمی و جۆ بایدن دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، “ڕەنگە عێراق و ئەمریکا دوای دانوستانەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2008، هەروەها بەهۆی ئەوەی هێشتا داعش هەڕەشە و مەترسییە لەسەر ئاسایشی وڵات، بۆیە لەم کاتەدا پێویستمان بە هاوکاریی هەواڵگریی ئەمریکا هەیە”.

فوئاد حوسێن ئاشكراشیكردووە، پێدەچێت ئەم گەڕەی دانوستانە ستراتیژییەكەی نێوان بەغداد و واشنتۆن كۆتا گەڕ بێت، “ڕێککەوتن لەسەر خشتەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت”.

لەبارەی بە ئامانجگرتنی بنكە سەربازییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان، وەزیری دەرەوەی عێراق وتویەتی، “لەگەڵ لایەنەی ئێرانی گفتوگۆمانكردووە لەبارەی هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان و داوامانكردووە دەستتێوەردان بكەن لای هەندێك گروپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان”.

بابەتی پێشتر

گەسی شکار داخرا

بابەتی دواتر

قسەی عەلی حەمەساڵح لەبارەی هەوڵی كەمكردنەوەی قاچاخچێتی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مالكی وەڵامی سەدر دەداتەوە: هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران نابێت

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ دووبارە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەكە نابێت. نوری…
Total
0
Share