بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارام ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک”.

هەروەها دەڵێت، “ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین و پێکەوە بتوانین لە ڕێی حکومەتەوە کێشە بنچینەییەکانی وەک مووچە و بژێوی خەڵک و خزمەتگوزاری چارەسەر بکەین”.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردووە، “ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین و باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی گەلەکەمان هەیە لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانی زیاتر”.

دەشڵێت، “دەمەوێت لەم دەرفەتەدا دووپاتی بکەمەوە کە یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت، درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدەین و بە گیانی لێبووردەییەوە خەبات دەکەین بۆ کوردستانێکی نوێ”.

هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی لەوەشكردووەتەوە، “یەکێتییەکان، دۆستان و لایەنگران دڵنیابن ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین”.

هەر لە پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی هاتووە، “درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی دەدەین و هەنگاوەکانمان دەخەینە خزمەتی گشتی، کە ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە و لەمەودوا لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی پەیڕەوی دەکەین”.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی

بابەتی دواتر

گەشتوگوزاری هەرێم: پێشبینی دەكەین زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار بێنە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share