لەبارەی ئاوەوەیە.. عێراق هۆشداری بە ئێران دەدات

تائێستا هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنی لە لایەنی ئێرانەوە نەبینراوە

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق هەڕەشەی پەنابردنەبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات لەپێناو بەدەستهێنانی مافی وڵات لە ئاو لەلایەن ئێرانەوە.

عێراق لەبەردەم وشكبوونەوەیەكی گەورەدایە، كە هەڕەشەیە بۆسەر كشتوكاڵ و ئابوری و ژیان بە گشتی لە وڵاتەكە، دۆخی ئاووهەوا و كەمبارانی لەلایەك و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ لەلایەكی دیكە، دۆخەكەی دروستكردووە.

لە نوێترین كاردانەوەدا، مەهدی ڕەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لایەنی ئێرانی هیچ وەڵامدانەوەیەكی نەبووە بۆمان و تائێستا ئاوی ڕووبارەكانی (سیروان، كارون، كەرخ و ئەڵوەند) دەگرێتەوە، كە بووەتە هۆی زیانێكی گەورە بە دانیشتووانی پارێزگای دیالە، كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە ئێرانەوە دێت.

وتیشی، “لەكاتێكدا ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هەماهەنگی نەكردن لەگەڵ عێراق لە قەیرانی ئاودا بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، ناچاردەبین پەنا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بەرین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان لە ڕووبارەكان و سەرچاوە هاوبەشەكان لەگەڵ ئێران”.

ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە قەیرانێكی خنكێنەری ئاو لە پارێزگای دیالە سەریهەڵداوە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە، لەئاكامی گۆڕینی ڕێڕەوی چەند سەرچاوەیەكی ئاو و ڕێگری لەهاتنی بۆ ناو خاكی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، كە بووەتە هەڕەشەیەكی گەورەی ژینگەیی و كۆچی دەیان هەزار كەس لە گوند و شارۆچكەكانەوە، بەتایبەت ئەوانەی پشتیان بەو سەرچاوانە دەبەست.

وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ئاشكراشیكرد، لایەنی ئێرانی ڕەتیكردووەتەوە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدات كە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ڕابردوو بەڕێوەبچێت و بەهۆی هەڵبژاردنەكانی ئێرانەوە دواخرا، بەڵێنیاندا كۆبوونەوەكە پاش هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا نەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنی لە لایەنی ئێرانەوە نەبینراوە دەربارەی قەیرانی ئاو و دابەشكردنی زیانی هەرێمایەتی.

پێشتر و لە كانونی یەكەمی ڕابردوو وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرایكرد، بڕی ئاوی هاتوو لە توركیا و ئێرانەوە بەڕێژەی 50% كەمیكردووە، بەهۆی بونیادنانی بەنداو و پڕۆژە لەسەر سەرچاوەكانی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.

وشكبوونەوەكە زیانی بە نزیكەی حەوت ملیۆن عێراقی لەكۆی 40 ملیۆن دانیشتوان گەیاندووە و بەهۆیەوە ناچاری جێهێشتنی گوند و ناوچەكانیان بوون، وەك ئەوەی بەمدواییە لە ڕاپۆرتێكی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دەربارەی گۆڕانی ئاووهەوا تیشكی خرایەسەر.

بابەتی پێشتر

لە حاڵەتێکی دەگمەندا ژنێک لەیەککاتدا تووشی دوو جۆری کۆرۆنا بووە

بابەتی دواتر

هێرشی موشەکی کرایەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە دێرەزور

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share