نوێترین پەیامی سزادراوانی بادینان بڵاوكرایەوە

سزادراوانی بادینان داوا لە یەكێتی و گۆڕان دەكەن، لە حكومەت بكشێنەوە و ڕێگە لەو ناعەدالەتییە بگرن كە بەرامبەریان كراوە، هۆشداری دەدەن لەوەی، “ئەمڕۆ نۆرەی ئێمە بوو و سبەینێ نۆرەی ئێوەیە”.

گروپی کەسوکاری زیندانیانی بادینان ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە، ئاشكرایانكردووە، دوێنێ چوارشەممە سزادراوانی بادینان پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ خێزانەكانیاندا كردووە و چەند پەیامێكیان هەبووە، لەوانە:

– ئاگادارین حوکمەکەمان پەسەندبووە و ھاوڕێکانیشمان حوکمدەدرێن، ئەمەش بڕیارێکی نایاسایی و نادادپەروەرانەیە، لە یەکەم ڕۆژی ڕفاندمانەوە تائێستا زوڵممان لێدەکرێت و سزادانمان بۆ ترساندنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بادینانە، بۆ بەرژەوەندی پارتی و ڕێگێری لە خەباتی مەدەنی.

– ھەوڵبدەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم کارەساتە ئاگاداربکەنەوە، دۆسیەکە دانەخەن، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان (UN)، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەین، کە ئیدیعای سیستمێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، فشار بکەن و ڕێگربن لەم پرۆسە نادیموکراسییە.

– سوپاسی ھەموو خەڵک و لایەنەکان دەکەین، کە پاڵپشتمانن، ئێمە بێتاوانین و سزادانی ئێمە پرسێکی گشتییە و لەسەر ماف و ئازادییە، ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی ھەموو لایەکە بێدەنگ نەبێت، بۆیە داوا لە خەڵک و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ) دەکەین خۆپیشاندان بکەن، لایەنەکانی ناو دەسەڵاتیش کە لەگەڵ ئەم بڕیارەی پارتی نین (یەکێتی و گۆڕان)، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و بەکشانەوە لەم کابینەیە و لەڕێگای تیمی وزاری خۆیان ڕێگربن لەم ناعەدالەتیە، چونکە ئەمڕۆ ئێمە و سبەینێ نۆرەی ئێوەیە، ئەگەر گشتتان دژی ئەم بڕیارە بن، پارتی ناتوانێت لەسەر ئەم زوڵمە بەردەوام بێت، کە ئەم وڵاتەی ئیفلیج کردووە، نەک لایەنەکان، بەڵکو پێویستە کەسە بۆچوون جیاوازەکانی نێو پارتیش ڕێگربن لەم پرۆسەیە، کە سومعەی خۆیان و ھەرێمەکەشمانی ناشیرین کردووە.

– شوێنمان لە زیندانی ئاسایشی گشتی زۆر خراپە و دۆخی تەندروستی بەشێکمان باش نیە، بەپێی یاسا دوای حوکم دەبێت ئێمە نەقڵی چاکسازیی زرکای گەوران لە دھۆک بکرێین، چونکە دانیشتووی ئەو پارێزگایەین.

– ئەو تۆمەتانەی لەلایەن دادگاکانی پارتیەوە دەخرێنە پاڵمان ڕاست نین، کە ئێمە بە چەکدار و تیرۆریست و سیخۆر لەقەڵەم دەدرێین، لەکاتێکدا ئێمە خۆمان بە خەمخوری ئەم وڵاتە دەزانین و پێکدێین لە (ڕۆژنامەنەوس، چالاکوان، پێشمەرگەی دێرین، مامۆستا، دکتۆر، ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ)، بۆچوونی جیاواز و خەباتێکی مەدەنیمان ھەبووە و زیانمان بۆ دار و درەختێکی ئەم نیشتمانە نەبووە، بەڵام سەربڵندین لەسەر مافی خەڵک لە زیندانداین و ورەمان بەرزە.

بابەتی پێشتر

دووبارە ناوچەی سەوز موشەكباران كرایەوە

بابەتی دواتر

ئەو بڕوانامانەی مۆڵەتی خوێندنیان بۆنەكراوە، هەڵدەوەشێنرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share