مەسرور بارزانی سوپاسی تیمی حكومەت دەكات، كە “وەڵامی پێویست و پڕ زانیاریان” داوەتە پەرلەمان، دەشڵێت، وەزیرەكانی ئەم كابینەیە لە هەموو كابینەكانی دیكە زیاتر چوونەتە پەرلەمان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، “لە دەستپێکی کۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لە تیمی حکومەتی هەرێم کرد کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بوون و سوپاسی کردن کە وەڵامی پێویست و پڕ زانیاریان بۆ هەموو پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتارانی کوردستان هەبوو” .
مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، “کابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، باشترین هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان هەبووە و بەردەوامیش دەبین و وەزیرانی ئەم کابینەیەش، لە هەموو کابینەکانی دیکە، زیاتر چونەتە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەرلەمانیەکان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە”.
جەختیشی لەوەکردەوە، “پێویستە ، پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان، لە سەر بنەمای ڕێز لە یەکگرتن و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان بێت، دوور لە هەر دەربڕین وهەڵوێستنواندنێکی نەگونجاو، کە خزمەتی برەودان بەم هەماهەنگیەی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن نەکات”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات لە لایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و وەزیرەکان ڕاسپێردران کە لەمبارەیەوە هاوکاری وهەماهەنگیی پێویست بکەن، بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتیە ناوخۆییەکان و خەرجکردنەوەی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی و برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوتە”.
هەر لە میانەی كۆبوونەوەكەدا ، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ،گرنگترین خاڵەکانی هاتوو لە دوا ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ وردبینی سێکتەری نەوت بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو، کە تیایدا ئاماژەدرا بە زۆریی خەرجییەکانی بواری نەوت کە ڕێژەیەکی گەورەی داهاتەکانی نەوت دەبات و ئاماژەی دا بە گرنگی بەردەوامیدان و برەودان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازیی لەم سێکتەرە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی ئەو خەرجیانەی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان وخەرجیەکانی گواستنەوەی نەوت و نرخی فرۆشتنی دەکرێت، ئەویش لە پێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێم بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بەرچاوەی لە نێوان داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجیەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.
هەروەها وەزیری تەندروستی پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا و داتا و بنەماکانی هەڵسەنگاندنی ئەو زیادبوونەی لە ڕێژە و ژمارەی تووشبووان و گومان و ئەگەری بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خستەڕوو، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی تەشەنەکردن و هەڵکشانی دیکەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکرێت کە پێویست بە چاودێرکردی ڕەوشەکە دەکات، هەروەها هەڵسەنگاندنێک بۆ بەردەوامی و خێراکردنی پڕۆسەی ڤاکسین کرا و جەختکرایەوە لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تاکەکەسی و پابەندبوونی شوێنەگشتیەکان، بە ڕێنماییە تەندروستیەکان.