بەرپرسێكی سوپای فلیپین دەڵێت، تەرمی 29 كەسی ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە سەربازییەكەیان هەڵگرتووەتەوە و تائێستاش 17 كەس لەڕیزی بێسەروشوێنبوواندان.
عەمید ولیام گۆنزالێس، بەرپرس لە سوپای فلیپین ڕایگەیاند، 50 كەس لەوانەی لەناو فڕۆكەكەدا بوون ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون بەمەبەستی چارەسەر.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەرمی 29 كەسیان هەڵگرتووەتەوە و تائێستاش 17 كەس لەڕیزی بێسەروشوێنبوواندان، ئومێدی خۆیشی نیشاندا لەبارەی دۆزینەوەی ڕزگاربووانی دیكە.
فڕۆكەكە لە جۆری C130ی سەر بە هێزی ئاسمانی بووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سۆلۆ-ی باشووری ئەو وڵاتە كەوتووەتە خوارەوە.
پێشتر سیریلیتۆ سوبیخانا، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی فلیپین ڕایگەیاند، ڕووداوەكە كاتێك بووە، كە فڕۆكەكە هەوڵیداوە لە فڕۆكەخانەی دوورگەی جۆلۆ بنیشێتەوە.
ئەوەشی وت، پڕۆسەی ڕزگاركردنی سەرنشینان و تیمی فڕۆكەكە بەردەوامە و تائێستا لانیكەم 40 كەس ڕزگاركراون.