پەیەدە وەڵامی دژەتیرۆری پارتی دەداتەوە: ڕاگەیەندراوەكەتان حەقیقەتی دامەزراوەكە نیشاندەدات

پەیەدە وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) سەبارەت بە گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، ئەو زمانە خزمەت بە كەس ناكات، دوژمنانی كورد نەبێت، “زاراوە نائەخلاقییەكانیشی حەقیقەتی ئەو دامەزراوەیە نیشاندەدات”.

ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو ڕاگەیەندراوەی “بەناو دژەتیرۆری باشووری کوردستان” بڵاویکردووەتەوە و تێیدا پەیەدە تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی ئەمین عیسا، ئەو ڕاگەیەندراوە “دوژمنکارانەیە و ڕاستییەکانی شێواندووە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدەدا هاتووە، “لەکاتێکدا نوێنەری ئیدارەی خۆسەر و نوێنەری پەیەدە لەلایەن هەواڵگریی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە هەولێر دەستگیرکراون و تائێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووسیان نییە، ئەوەی بە دژەتیرۆری کوردستان ناویدەبەن،  هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی دوژمنکارانە دژی حزبمان و شێواندنی ڕاستییەکان”.

“پارتی یەکێتیی دیموکرات یەکێکە لەو حزبانەی ڕوبەڕووی زۆرترین توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستگیرکردن بووەتەوە بەهۆی بەرگریکردن لە هاوڵاتییانی کورد دژی هەر سوکایەتی و هێرشکردنێک بۆسەر کورد، لەو پێناوەدا دەیان شەهیدی داوە، نزیکترین نمونەش دەستگیرکردنی نوێنەرەکەیەتی لە هەولێر بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک”، پەیەدە وادەڵێت.

ئیدانەی زمانی ڕاگەیەندراوەكەی دژەتیرۆری كوردستانیش دەكات بەوەی “دوژمنکارانە”یە و “ئەو زاراوە و وتە نائەخلاقییانە و دوور لە هەموو بەهایەک، حەقیقەتی ئەو دامەزراوەیە نیشاندەدات”.

پەیەدە دەشڵێت، “ئێمە دژی زۆردارییەکانی بەعس و داعش وەستاین، دژی هەر دووڕوویی و کارێکی دوژمنکارانەش دەوەستینەوە لەنێوان کورددا بکرێت، وەک پێشتر بە دەستگرتن بە بەهای شەهیدەکانمان، بەهای گەلەکەمان دەمێنینەوە و پارێزگاری لێدەکەین”.

پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەزگای دژە تیرۆر بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، “شەھیدکردنی ئەمین عیسا لە ژێر ئەشکەنجەدا بەردەوامی کردارە چەپەڵ و دژە مرۆڤایەتییەکانی پەکەکەیە”.

دژە تیرۆر ڕایگەیاندووە، ” دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و شەھیدکردنی ئەمین عیسا لەلایەن پەیەدەوە، کە درێژکراوەی پەکەکەیە و ئیدانەکردنی ئەم تاوانە لەلایەن بالێۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە سووریا دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە، کە پەکەکە و پەیەدە وەك دوو رووی دراوێك، جگە لە ھێزێکی دژە مرۆڤایەتی، شموولی، تاکڕەو، خۆسەپێن و دژە کوردستانی ھیچی دیکە نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رەحمان غەریب: ئەو مامەڵەیەی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ئەنجامیاندا كاركردن بوو بە میزاجی حزبی

رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر روویدا بە دەستگیركردنی ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسی دەزگاكانی…
زیاتر ببینە

لێزمەباران و هەورەبروسكە بەڕێوەن.. كەشوهەوای 72 كاتژمێری داهاتوو ئاشكرادەكرێت

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان پشبینیی كەشوهەوای 72 كاتژمێری داهاتووی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەندراوێكدا كەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە،…
Total
0
Share