پاش وەرگرتنی دۆسیەی داخستنەكەی چی چاوەڕوانی هەدەپە دەكات؟

داخستنی تەواوەتی ئاسان نابێت

دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی گەلان تەنها لەسەر كاغەز یان زمانی سیاسییەكاندا نەماوەتەوە، بەڵكو هەنگاوێكی دیكەی بڕیوە پاش پەسەندكردنی دادگای دەستووریی توركیا لەسەر ئەو لیستی تۆمەتانەی لەلایەن داواكاری گشتییەوە بەر لە چەند مانگێك پێشكەشكراوە.

نوسراوەكەی داواكاری گشتی داوای داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەكات، لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی كاری سیاسیی بەسەر نزیكەی 500 ئەندامیدا بە بانگەشەی پەیوەندیداربوونی سیاسی بە (پارتی كرێكارانی كوردستان)ەوە.

نوسراوەكە، وەك ئەوەی میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، لە نزیكەی 850 پەڕە پێكدێت، لەكاتێكدا پێش چەند مانگێك لە 609 پەڕە بوو.

پەسەندكردنەكەی دادگای دەستووری لەسەر داواكارییەكە مانای ئەوەنییە كە داخستنی تەواوەتی پارتەكە نزیكە، بەڵكو چەند هەنگاوێكی دیكە هەیە كە دەبێت دادگای وڵات بیگرێتەبەر، هەدەپەش ڕۆڵی تیایدا دەبێت، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا داوای بەرگریی پێشوەختەی لێدەكرێت، دواتریش هەنگاو بۆ دەنگدان لەسەر بڕیاری كۆتایی دەنرێت.

بەپێی دەستووری توركیا بڕیاری داخستنی هەر پارتێكی سیاسی پێویستی بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی دادگای دەستوورییە كە لە 15 ئەندام پێكدێت، بۆیە لە حاڵەتی ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی دادگا پێویستە 10 ئەندام دەنگی لەسەر بدەن، یان دوو لەسەر سێی ئامادەبووان.

هەوڵەكە سەردەگرێت؟
حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پارتی دیموكراتی گەلان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباردەكات، ئەمەش بووەتە هۆی دادگاییكردنی هەزاران كەس لە ئەندامانی و هەندێك لە سەركردەكانی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام پارتە كوردییەكە بوونی ئەو پەیوەندییە ڕەتدەكاتەوە.

ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەدیدەكرا هەڵمەتێكی دژایەتیكردنی بێ پێشینەبوو لە ناوخۆ توركیادا دژ بە پارتە كوردییەكە، كە بە سێیەم گەورە پارتی توركیا لە پەرلەمان دادەنرێت، ئەوەش لەلایەن ناوەندەكانی نزیك لە (پارتی داد و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدار و (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی) هاوپەیمانییەوە بوو.

تائێستا هیچ ئاماژەیەكی ڕوون لەبارەی ئایندەی پارتەكە لە قۆناغی داهاتوودا نییە، ئایا بەتەواوی هەڵدەوەشێندرێتەوە، یان چەند ڕێوشوێنێك بەرامبەری دەگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی ئاستی جەماوەریی، لەڕێشیەوە لاوازكردنی جەماوەری هاوپەیمانیی بەرهەڵسكاری حكومەتی توركیا كە بە هاوپەیمانی (گەل) ناسراوە.

چاودێرانی توركیا پێیانوایە نیازێكی جددی و ڕاستەوخۆ لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە لەئارادانییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە، بەهۆی هەندێك هۆكارەوە، لە پێشینەشیان (داد و گەشەپێدان) لە ساڵی 2008دا ڕوبەڕووی داوایەكی دادوەری تایبەت بە داخستن بووەوە، بەمەش لە بەردەم چەند بژاردەیەكدایە كە هەڵبژاردنی یەكێكیان زۆر ئاستەمە.

لەبەرامبەریشدا دیمەنە گشتییەكەی ناوخۆ و ئەو فشارەی (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی) دەیگرێتەبەر، بە ئاراستەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە، ئەمەش لە لێدوانەكانی دەوڵەت باخچەلی-ی سەركردەیدا دووبارەدەكرێتەوە.

“داخستن ئاسان نابێت”
بەرەكات قار، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پارتی دیموكراتی گەلان دەڵێت، “داواكەی دژ بە هەدەپە بەشێوەی فەرمی پەسەندكراوە و قۆناغەكانی دەستپێدەكات. ئەمەش مانای وانییە كە پارتەكەمان دادەخرێت، بەڵكو كاتێكی درێژ لەبەردەمدا دەبێت كە ماوەكەی نازانین”.

سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری قار ئەوەشی وت، “پارتی دیموكراتی گەلان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا داوای بەرگریی پێشوەختە دەكات، لەسەر ئەو بنەمایەش دۆسیەكە لەم هێنان و بردنەدا چەند مانگێكی زۆر دەخایەنێت”.

دەربارەی ئەگەری ئەو سیناریۆیانەی چاوەڕوانی هەدەپە دەكات، قار دەڵێت، “بەبڕوای من بلۆككردنی پشتیوانی لە حزب و ئەندامەكانی بەشێوەیەكی تەواوەتی قبوڵ نەكراو دەبێت”.

دەربارەی پرسی داخستنی تەواوەتیش دەڵێت، “چیرۆكەكە كاتێكی درێژ دەبات، ئەمەش پەیوەندیدارە بە دۆخ و ئاراستەی سیاسی لەناوخۆی توركیادا. بەپێشبینی من پرسی داخستنی تەواوەتی ئاسان نابێت”.

لە ساڵی 2016ەوە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر نزیكەی 15 پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدراوە، كە دواهەمینیان پەرلەمانتار عومەر فاروق گەرگەرلی بوو، بەهۆی دەرچوونی بڕیارێكی دادگا بۆ دەستگیركردنی بەهۆكاری تویتێك كە وەك پشتیوانییەك بۆ پەكەكە حسابی بۆكرا.

لەكاتی باسكردنی هەدەپەدا، ناكرێت ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دیمەنی سیاسیی ناوخۆی وڵاتدا نادیدەبگیرێت، بەتایبەت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كە لەساڵی 2018دا ئەنجامدرا.

لەو ماوەیەدا هەدەپە نزیكەی 12%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی هاوسەرۆكیشی زیاتر لە 8%ی دەنگەكانی كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە.

تائێستاش پارتی دیموكراتی گەلان خاوەن سێیەم گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانییە دوای پارتی داد و گەشەپێدان-ی دەسەڵاتدار و پارتی گەلی كۆماریی گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن.

كاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان
پێشتر دادگاكانی توركیا چەندین پارتی كوردییان بەتۆمەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی كرێكاران داخستووە، بەڵام هەرزوو پارتی دیكەی سیاسیی كورد گەڕاوەتەوە نێو دیمەنی سیاسی، لەڕێی ڕاگەیاندنی نوێی پێكهێنانیان یان بە ناوی جیاوازە.

پێشبینییەكان دەربارەی دیمەنی ناوخۆیی توركیا لە قۆناغی داهاتوودا جۆراوجۆرن، بەتایبەت لەگەڵ هەنگاونان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە و، ئەو بارگرژییانەی بەدوایدا دێت، كە دواهەمینیان ئەو هێرشە بوو كە نوسینگەی پارتەكە لە ئیزمیر ڕوبەڕووی بووەوە و بووە هۆی كوژرانی ئەندامێكی.

هەندێك پێشبینی دیكە پەیوەندیدارن بە ئاراستەی نێودەوڵەتی و پرسەكانی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتدا، كە ڕوبەڕووی ڕەخنەی گەورە دەبێتەوە لەلایەن وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكان لیستی تۆمەتە سەرەتاییەكانی دژ بە هەدەپەی بە هەوڵی “بێكاریگەركردنی ئیرادەی دەنگدەرانی توركیا” ناوبرد.

پێشهاتی ناوخۆیی یەكلاكەرەوە
توێژەرێكی كاروباری توركیا پێشبینی “پێشهاتی ناوخۆیی یەكلاكەرەوە” دەكات لە ڕۆژانی داهاتوودا.

تەها عۆدە ئۆغلۆ، توێژەر لە كاروباری توركیا وتی، “پێشهاتەكان لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكی گشتی و، حكومەت و پارتی دیموكراتی گەلان بەشێوەیەكی تایبەت دەبێت، بەتایبەت لەسایەی قسەكردن لەسەر ئەگەری كاردانەوەی توندی بنكەی جەماوەریی و لایەنگرانی پارتە كوردییەكە یان تەنانەت لەلایەن ئەو ڕەوتانەوە كە داخستنەكە بە ڕێگری لە ئازادییەكان ناودەبەن”.

توێژەرەكە پێشیوایە داواكارییەكان بۆ داخستنی هەدەپە لەلایەن حكومەتەوە بەتایبەت پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورك و دەوڵەت باخچەلی سەرۆك و هاوپەیمانی ئەردۆغانەوەیە و دەشڵێت، لەحاڵەتی داخستنیشیدا ئاستی جەماوەریی پارتەكە لەنێو كوردەكاندا زیاددەكات و ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بۆسەر پارتەكەی ئەردۆغان.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم 180 هەزار كەسی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

كۆڵبەرێكی كورد بە تەقەی هێزەكانی توركیا كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فراوانكردنی دۆستایەتی و زامنكردنی كاریگەری
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە جموجوڵە سیاسییەكانی دەدات كە ئامانج لێی گەڕاندنەوە و چەسپاندنی…
Total
0
Share