فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی دووی سەر بە یەكەی حەفتای هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هێزەكانیان بخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە.
میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە نامەیەکی فەرمیدا كە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دووی سەر بە یەکەی ۷۰ی پێشمەرگە ئاراستەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کراوە، تیایدا ئامادەیی فەرماندەیەکە دەربڕاوه تا بخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە.
وتیشی، “پەیوەست بەو پرسە وەزیری پێشمەرگە، ستایشی بڕیاری گەڕانەوەی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی (یەک و دوو)ی یەکەکانی حەفتا و هەشتا دەکات و، لە چەقی بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیانەش، بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی سەربازییانەی سەردەمی داوادەکات، لە هەنگاوەکانی دادێت سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆببنەوە”.
میران بەكر ئەوەشی خستەڕوو، هەنگاوی گەڕانەوەی هێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجامی خێراترکردنی پڕۆسەی ڕیفۆرمی سەربازییە و ئاراستەی کاروانی چاکسازیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت.