لە پاش شەش ساڵ لە ئامادەکاری و زەمینەسازی، هەڵمەتێکی گەورەی ڕێکخستنەوەی فراوانترین ناوچەی گەشتیاری و نیشتەجێبوونی کاتی لە سنووری سلێمانی دەستیپێکرد کە زیاتر لە 20 هەزار باخ و ڤێلا لە سیتەک و دەوروبەری دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی شارەوانیی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سێ قۆناغی سەرەکیدا جێبەجێدەکرێت و لە باخەکانی سیتەک تاوەکو باخ و ڤێلاکانی گوندەکانی بازەگیر، زەردەبی، تەگەران، باخەکانی پشتی تونێلی پێشڕەو و ناوچەکانی دووکانیان دەگرێتەوە.
لەوبارەیەوە فەرهاد ساڵح، قائیمقامی چوارتا ڕایگەیاند، بەشێک لە خاوەن باخەکان زێدەڕۆییان کردووەتە سەر ڕێگاوبانەکان. تەنیا لە سیتەک 20 هەزار باخ دەخرێنە ناو نەخشەی نوێوە.
سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکە، قایمقامی چوارتا ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکیی حکومەت ئامادەکردنی ماستەرپلانێکی گونجاو و کۆکردنەوەی سەرجەم داتاکانە، تاوەکو لە کاتی دەرچوونی بڕیاری تاپۆکردن زەمینەی یاسایی ئامادەبێت و ڕێگەکانیش بەپێی ستاندارد ڕێکبخرێنەوە.
لە ئێستادا داوا لە خاوەن باخەکان کراوە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی تێبینی، تاوەکو موڵکەکانیان بە ڕەسمی بخرێتە سەر سنووری شارەوانی و تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ تەواو بکرێت.