ماوەی دوو ڕۆژە لە پێنج گوندی سەربە ناحیەی کانی ماسێ ئاگر کەوتووەتەوە و سوتانی زەویوزاری ناوچەکە بەردەوامە و بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ دەڵێت، هۆکارەکەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەیە.
سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئاگر لە دارستانەکان و زەویوزاری پێنج گوندی ناوچەکە کەوتووەتەوە و ماوەی دوو ڕۆژە ئاگرەکە بەردەوامە.
ئەو گوندانەی ئاگرەکەیان لێکەوتووەتەوە (ڕیبارکی، باقولکێ، قومری، تیشێش و دەرگەلا سەیدا)ن و ئاگرەکە بەردەوامە.
بەرێوبەری ناحیەی کانی ماسێ وتیشی، شەوی ڕابردوو شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە ڕویداوە و دەنگی چەندین جۆری چەک بیستراوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبونی ئاگرەکە لە سنوری ئەو گوندانە.
بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆماوەی نزیکەی دوومانگ و شەڕی نێوان هێزەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا، زیاتر لە 2هەزار دۆنم زەوی لەسنووری ناحیەی کانی ماسێ سوتاون.