ئەمریكا داوا لە سعودیە دەكات لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكبكەوێت

“گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و سعودیە” لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریكا دەستیپێكرد.

گفتوگۆكان بە ئامادەبوونی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بەڕێوەدەبرێن، ئامانج لێیان بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریكا و سعودیە-یە لەڕووی ئەمنی و ئابوری-یەوە، سەرباری تاووتوێكردنی چەند دۆسیەیەكی تر، وەك چارەسەركردنی شەڕ و ململانێكانی یەمەن و “هەڕەشەكانی ڕژێمی ئێران” و ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە كەمێك بەر لە ئێستا لە واشنتن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لە ناوەڕۆكی گفتوگۆكان و چەند پرسێكی تری پەیوەست بە جیهانەوە كرد، لەوانە باسكردنی عێراق.
پۆمپیۆ نیگەرانیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ دەستوەردانەكانی ئێران لە عێراق و كاری گرووپە چەكدارەكانی عێراق كە لە ئێرانەوە نزیكن و ئەمریكا تۆمەتباریكردوون بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد و كاروانی ئۆتۆمبیلە سەربازی و دیپلۆماتییەكانی، وتیشی، “دڵخۆشین بە ڕێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق لەپێناو پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەكان.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا خواستی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ ئەوەی سعودیە پەیوەندیییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاساییبكاتەوە و ببێتە بەشێك لە ڕێككەوتننامەی ئەبراهام، كە لە ماوەی ڕابردوودا لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین دا بە سەرپەرشتی ئەمریكا لە واشنتۆن واژۆكرا. داواشی لە سعودیە كرد لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕادا هەنگاوی زیاتر بنێت. جەختیشیكردەوە لەوەی یارمەتییەكانی وڵاتەكەی بۆ سعودیە لە شەڕی دژ بە حوسییەكانی یەمەن دا بەردەوام دەبن و ڕایگەیاند، “گەرەنتی ئەوەمان دەوێت ئێران توانای یارمەتیدانی حوسییەكانی نەمێنێت.”
لە درێژەی وتەكانیدا، پۆمپیۆ باسی لە دانوستاندنەكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل سەبارەت بە سنوورە ئاوییەكانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بەو دۆسیەیە كرد و وتی، “ئەمریكا پێشوازی لە دانوستاندنەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەكات.”
ماوەی دەیان ساڵە، كێشە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل دا هەن و چەند جەنگێكی خوێناوی لەنێوانیاندا هەڵگیرساوە، ماوەی 10 ساڵیش دەبێت ئەمریكا هەوڵدەدات ڕێككەوتن لەنێوانیاندا بهێنێتە ئاراوە، نوێترین پێشهاتیش لەو دۆسیەیەدا ئەوەیە كە چەند ڕۆژێكە دانوستاندن لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل دا دەستیپێكردووە، ئەگەرچی لوبنان جەختدەكاتەوە كە ئامانج لە دانوستاندنەكان تەنها گەیشتنە بە ڕێككەوتن سەبارەت بە سنوورە ئاوییە هاوبەشەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل دا، نەك ڕێككەوتن و دروستكردنی پەیوەندی.

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی پیشەسازیی عێراق: لە پلانماندایە چیمەنتۆ و کەرەستەی دیکە هەناردەی دەرەوە بکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share