هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق داوا لە تورکیا دەکەن بڕینەوەی داری ناوچە سنورییەکانی بادینان ڕابگرێت.
لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق ئاماژەیان بەوەكردووە، “ئەو پرۆسەیە نەک هەر دوژمنکارییە بەرامبەر سروشت و ژینگەی عیراق و هەرێم، بەڵکو کارێکی دوژمنکارانەیە دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگەی تەواوی ناوچەکە و هەموو جیهان، لەبەرئەوەی ژینگە سنووری نییە”.
هەردوو وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا داوا لە تورکیا دەکەن ئەو کارە ڕابگرێت، داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن بەجدی كار بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بكەن و وەڵامیان هەبێت.
لەهەمانکاتدا داواش لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەن هاوکاریان بن “بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارە دژ بەژینگەیە و پێویستە هەوڵی بنبڕکردنی بدرێ”.
پێشتریش جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردوەتەوە، کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنورییەکان بهێنن، کە جێگەی قبوڵکردن نییە”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم داواش لە توركیا و پەكەكە دەكات، ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و چیتر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دووچاری نەهامەتی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی نەکەن.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەند وێنەیەک بڵاوكرانەوە و بەسترانەوە بە بڕینەوەی درەختەکان لە سنورەکانی هەرێم لەلایەن توركیاوە، بەهۆی ڕاکێشانی ڕێگاش لە باکووری کوردستانەوە بۆ سنورەکانی هەرێم، درەختێکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە بڕاونەتەوە.