وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، هەموو ڕێکارەکان تەواوبوون بەو پارەیەی کە، قەرزە لای حکومەتی عێراق ڤاکسین بکڕن و ئومێدیش هەیە لە ڕوسیاوە بەپارەی عێراق ڤاکسین هاوردە بکەن.
ڕەزا ئەردکانیان، وەزیری وزەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ڕێکارەکان تەواوبوون، بۆئەوەی بە بەهای 125 ملیۆن دۆلار 16 ملیۆن دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا بە پارەی قەرز کە، لای حکومەتی عێراقە بکڕدرێت”.
بە وتەی وەزیری وزەی ئێران، “ئەو 125 ملیۆن دۆلارە، لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە دراوە بە بانکێکی سویسری تا بە پارەکە ڤاکسینی کۆرۆنا بکڕین و ئومێدیش زۆرە بە پارەی قەرزەکان لە ڕوسیاش ڤاکسینی کرۆنا بکڕین”.
لەگەڵ قسەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییەدا، ژوری بازرگانی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران ڕایگەیاندووە، “لە کۆتا گەشتی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تاران، ئەو پرسە باسکراوە کە 100 ملیۆن دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا بەپارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق بکڕدرێت”.
بەهۆی سزا ئابورییەکانی ئەمریکاوە لەسەر حکومەتی ئێران، بەشێک لەو پارەیەی کە حکومەتی عێراق بە ئێران قەرزارە، بلۆککراوە و تاران ناتوانێت پارەکە بگوازێتەوە، بەڵام ڕێگەپێدراوە ئەگەر پارەکە لە دەرمان و خزممەتگوزاریدا بۆ ئێرانییەکان بەکاربهێنرێت.
حکومەتی عێراق بەهۆی هاوردەکردنی گازی سروشتی و کارەباوە، قەرزاری حکومەتی ئێران بووە و نەیتوانیووە لەکاتی خۆیدا پارەکە بدات.
پێشتر حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتەوە ڕایگەیاندبوو، پێویستیان بە چوار ساڵ زیاترە تا بتوانن پێویستیان بە گازی سروشتی ئێران نەمێنێت.